ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە و نشینگەی هەرێم ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەشێوەی ئەلکترۆنی دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەوەش کارئاسانی دەکات بۆ هاوڵاتییە عێراقییانەی لە هەرێم نیشتەجێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتییەکە (7ی حوزیرانی 2021) بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقییەی وت، "ئەو هاوڵاتییە عەرەبە عێراقیانەی لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێبوون پێویستیان بەوە نییە کارتی نشینگە (ئیقامە)یان پێ بدرێت، ئەو کارتە تەنها بەو کەسانە دەدرێت کە عێراقی نیین و لەهەرێم نیشتەجێین".
وتیشی، "بۆ لەمەودوا بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە لە بەغدا و پارێزگاکانیی دیکەی عێراق، ئەوەش وادەکات مامەڵەی هاوڵاتییەکانی ناوەڕاست وباشوری عێراق کە لەهەرێم نیشتەجیبوون ئاسان بێت، بەتایبەتی مامەڵەکانی باری شارستانی و هێنانی قەید".
هێرش ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەى عێراق ئەگەر دانیشتووی هەرێمش نەبن دەتوانن پاسپۆرت لەفەرمانگەکانی پاسپۆرتی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەربهێنن.
دەشڵێت، لەئێستادا هەماهەنگییەکى تەواو و ئەرێنی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوخۆی حکومەتی فیدراڵیدا هەیە.