ناس کورد-
دادگاى کەرخى بەغدا سزاى لەسێدارەدانى بۆ بکوژى خێزانە کوردەکەى بەغدا دەرکرد، دواى نۆ مانگ لە ڕووداوەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ناوەڕاستى ئەیلولى ساڵى ڕابردوو، ژن و پیاوێک و کچەکەیان لەلایەن کەسێکەوە لە ماڵەکەى خۆیاندا لە بەغدا کوژران، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.
زیاتر بخوێنەوە: چیرۆک و وردەکاری ئەو خێزانە کوردەى لەبەرچاوى یەکتر لە بەغدا کوژران
ئاشنا بابان، خوشکەزای پیاوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە "ناس کورد"ى راگەیاند، دادگاى کەرخ ئەمڕۆ دوایین دۆسیەى دادگایی بکوژەکەى ئەنجامداوە و سزاى لەسێدارەدانى بۆ بکوژەکە دەرکرد.
وتیشى بکوژەکە کە پێشتر دانى بەتاوانەکەدا ناوە، هیچ قسەیەکى نەکردووە لەبەردەم دادوەر، تەنها وتویەتى کە پارێزەرى نییە و کەسوکاریشى نییە.
ئاشنا بابان باسى لەوەشکرد، لەوکاتەوەى رووداوەکە روویداوە، کەسوکارى بکوژەکە هیچ پەیوەندییەکیان بەئەوانەوە نەکردووە و ناشزانن کەسوکارى کێیە.
دارا و عالیەی هاوسەری و شیلانى کچى کە سەرجەمیان کوردن، ساڵانێکى زۆر بوو لەبەغدا نیشتەجێ بوون، بەدیاریکراوى ماڵەکەیان لە گەڕەکى مەنسورى پارێزراو بوو بەهۆى نزیکى لەباڵیۆزخانەکانى بەحرەین و روسیا، بەڵام ئەوە دورینەخستنەوە لە مەترسی کوشتن و بە ئامانجگرتنیان.
ئەوان درەنگانى ئێوارەى ناوەڕاستى ئەیلولى 2020 پێکەوە کوژران، لەکاتێکدا کەسوکارەکانیان سەرقاڵى ئامادەکردنى کەلوپەل و خانوى پێویست بوون بۆ ئەو خێزانە تا لە سلێمانى نیشتەجێ بن.
دارا و هاوسەرەکەى فەرمانبەرى خانەنشین بوون و پێکەوە لەگەڵ شیلانى کچیان دەژیان، شیلان پزیشکى دەرمانسازى بووە و لە شاری پزیشکی بەغدا کاریکردووە.