ناس کورد-
دەستەى کەشناسى عێراق پێشبینى ئەوە دەکات، بەرزبونەوەیەکى زۆر لەپلەکانى گەرما لەم مانگەدا ڕوونەدات و هاوکات هۆکارى ڕوودانى بومەلەرزە لەچەند ناوچەیەک ڕوندەکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عامر جابرى، بەڕێوەبەرى دەستەى کەشناسى عێراق (7ى حوزەیرانى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق ڕایگەیاند، بەپێى ڕاپۆرتەکانى دەستەکە ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەوەى کەشوهەوا ساماڵ بێت و پلەکانى گەرماش کەمێک بەرەو دابەزین بچێت لەپلەیەکەوە تا دوو پلە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، بەهۆى چەند گۆڕانکارییەکەوە دوێنێ پلەکانى گەرما لەچەند ناوچەیەکى باشور بەتایبەت پارێزگاى بەسڕە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەى 50 پلە.
دەشڵێت، ئەمڕۆ پلەکانى گەرما لەشارى بەسڕەش دابەزیوە و گەیشتووەتە 47 پلە ئەوە سەربارى دابەزینى پلەکانى گەرما لەشارى نەجەف بۆ 4 پلە بەراورد بە دوێنێ.
جابرى باسى لەوەش کردووە، لەچەند ڕۆژى داهاتوودا ئەگەرى ئەوە هەیە پلەکانى گەرما بۆ 50 پلە بەرزببێتەوە بەڵام ئەو بەرزبونەوەیەش بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ بەردەوام نابێت و ڕاپۆرتەکانى دەستەکەش تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکى تێدا بەرجەستە نیە بۆ ئەوەى بەرزبوونەوەیەکى زۆر لەپلەکانى گەرمادا بێتە ئاراوە لەم مانگەدا.
لەبارەى بومەلەرزەکانیش لەچەند ناوچەیەک کە چەند ڕۆژى ڕابردوو ڕویدا جابرى پێیوایە، زەمین لەرزەکان زۆر جار لەناوچەکانى کوت و زەباتیە و خانەقین و پێنجوێن و مەندەلى ڕوودەدەن بەهۆى ئەوەى ئەو ناوچانە دەکەونە سەر هێڵێکى هاوبەشى سنورى لەگەڵ ئێراندا.