ناس کورد-
عەدنان موفتى ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی یەکێتى رایگەیاند، پێشبینى ناکات کورد دەستبەرداریی پۆستى سەرۆک کۆمار بێت و هەوڵى بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بدات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەدنان موفتى لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەبارەى هەوڵدانى کورد بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان دواى هەڵبژاردنى پێشوەختە وتى "پێشبینى ناکەم کورد دەستبەرداریی پۆستى سەرۆک کۆمار بێت، هیچ گفتوگۆیەک تا ئێستا لەو بارەیەوە نەکراوە و هێشتا زووە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو پرسە".
هەروەها هۆشداریدا لەوەى هەڵبژاردنى ئەمجارە هەمان چارەنوسى هەڵبژاردنى 2018 ى هەبێت، کە بەوتەى ئەو لەو ئەگەردا هەمووان زیان دەکەن.
عەدنان موفتى جەختیکردەوە لەسەر پێویستى لابردنى ترس و نیگەرانییەکان لەسەر ساختەکاریی.
قسەکانى ئەو بەرپرسەى یەکێتى لەو بارەیەوە، دواى قسەکانى مانگى رابردووى وتەبێژى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق دێت کە ڕایگەیاندبوو، سوننەکان داواى پۆستى سەرۆک کۆمار دەکەن و پێویستە کورد بەرانبەر ئەو پێشهاتە یەکگرتوو بێت، ئەگەرنا پۆستەکە لەدەست دەدەن.
بەختیار شاوەیس 17 ئایارى 2021 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى وتى، "شتێکى تازە ڕوویداوە و محەمەد حەلبوسى لەم ڕۆژانەدا باسى ئەوەیکردووە کە داواى سەرۆک کۆمار دەکەن بۆ پێکهاتەى سوننە، بەڵام ئێمە هیچ بەهایەک بۆ ئەو قسانە دانانێین و کورد بەوە رازى نابێت".
وتیشى، "کورد دەبێت ناوماڵى خۆى ڕێک بخاتەوە، حەلبوسى ئەو یارییەى دەستیپێکردووە و دەیەوێت خۆى ببێتە سەرۆک کۆمار".
"ئەوە دەکەوێتە سەر کورد کە ئایا بەرانبەر ئەو پێشهاتە یەکگرتوو دەبێت یاخود ئەمجارەش بەدوو کاندیدەوە دەچێتە کێبڕکێ سەرۆک کۆمارەوە، کە ئەگەر وابێت و سوننەکانیش داواى بکەن ڕەنگە لەدەستى بدەین"، بەختیار شاوەیس وایوت.
لەبارەى ئەگەرى کێبڕکێ پارتى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار، وتەبێژى فراکسیۆنى یەکێتى باسى لەوەکرد، ناکرێت پارتى کە بەشى زۆرى پۆستە سیادییەکانى هەرێمى بەدەستەوەیە شەڕى پۆستى سەرۆک کۆماریش بکات.
هەروەها لەبارەى پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتووەوە، بەختیار شاوەیس وتى، "سەدرییەکان دەڵێن پێتان خۆش بێت یان نا سەرۆک وەزیرانى داهاتوو لە ئێمەیە، ئەوەش جۆرێکە لە هەڕەشە و پاکى هەڵبژاردنەکەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە".