ناس کورد-
جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى لەبارەى روداوەکەى چیاى مەتینا بڵاوکردەوە کە پێنج پێشمەرگە تیایدا گیانیان لەدەستدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قوباد تاڵەبانى (6ى حوزەیرانى 2021) لە پەیامێکدا ڕوداوەکە بە دڵتەزێن ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات "بووە مایەى نیگەرانى و پەرۆشى هەموو کوردێکى دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر.
تاڵەبانى لە بەشێکى پەیامەکەیدا رونیدەکاتەوە، گەلەکەمان لە رابردوودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە کوردییەکانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بکرێت.
لەو بڕوایەشدایە کە لەم دۆخەدا لە هەموو کات زیاتر پێویست بە یەکڕیزى و بیرکرنەوەى ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە.
جەختیش دەکاتەوە " تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆکوژی و ئاڵۆزییەکانی رابردوومان دەدەین".
دەقى پەیامەکە:
رووداوەکەی چیای مەتینا رووداوێکی دڵتەزێن بوو کە بووە مایەی نیگەرانی و پەرۆشی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر. گەلەکەمان لە رابردوودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە کوردییەکانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بکرێت. دۆخەکە وا دەخوازێت هەموو لایەکمان لە قسە و کردار و هەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و لەم دۆخەدا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسیانەی هەن پارێزراوبێت.
بەرهەمی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی رابردوومان تەنیا شکست و بێهیوایی بووە بۆ گەلەکەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆکوژی و ئاڵۆزییەکانی رابردوومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە کوشندەکانی رابردوو بێ گومان دەرەنجامەکەی شکست و بێهیواییەکی گەورەتر دەبێت بۆ هەموو کورد. بۆیە ئێستا هەموو لایەکمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەداین و دەبێت هەموو هەوڵێکمان بە ئاراستەی چارەسەرکردن بێت نەک ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە؛ با ژیرانە و خەمخۆرانە و کوردانە و بەرپرسیارانە کێشەکان چارەسەر بکەین.
لە کۆتاییدا لەدڵەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری پێشمەرگە شەهیدەكانی چیای مەتینا دەكەم و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازم و هیوادارم بە حیکمەت و دانایی پێش بە دووبارەبوونەوەی رووداوی دڵتەزێنی دیکە بگرین.