گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدوای كوژرانی پێنج پێشمەرگە.. هەپەگە هۆشداری دەداتە پارتی

2021.06.05 - 10:24
App store icon Play store icon Play store icon
لەدوای كوژرانی پێنج پێشمەرگە.. هەپەگە هۆشداری دەداتە پارتی

ناس کورد-

لەدوای بڵاوبوونەوەى هەواڵی "شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە لە بۆسەیەکی پەکەکەدا" لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، گولـلەى هۆشیارکردنەوەیان تەقاند بۆئەوەى هێزەکە زیاتر نەچنەپێشەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

میدیای فەرمی پەکەکە دەڵێت، "هێزەکانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستیان بە جموجوڵ بەرەو ناوچەکانی گەریلا کردووە و لەو چوارچێوەیەدا هێرشیان کردووەتە سەر کامپەکانی گەریلا."

 

باسی لەوەشکردووە، "هێزەکانی هەپەگە و یەژاستار بۆ ئەوەى ئەو هێزانە زیاتر بەرەو پێش نەڕۆن گولـلەى هۆشیارکردنەوەیان تەقاند."

 

هاوکات ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، کاتژمێری 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پارتی هێزێکی زۆری سەربازیی بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە ئامێدی و مەتینا جوڵاند.

 

دەچڵێت، "ئەو هێزانەى پەدەکە زرێپۆش، ئامبولانس، حەفارە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ناوچە سەختە شاخاوییەکانی تیادایە." 

 

هەپەگە هۆشدار دەداتە پارتی و ڕایگەیاند، “داوا لەو هێزانە دەکەین کە لە پشتەوە خنجەرمان لێنەدەن”.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، "ئەو هێزانە دەیانەوێت بێنە ناو مەیدانەکانی هێزەکانمان لە مەتینا، ئێمە لە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بە نیازە کوردستان داگیر بکات بەرخۆدان دەکەین، داوا لەو هێزانە دەکەین کە لە پشتەوە خنجەرمان لێنەدەن و خوێنی خۆشک و برا نەڕیژن، بۆیەش داواکەمان ئاراستەی گەل و هێزەکان دەکەین."

 

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکدا پێنج پێشمەرگەی زێرەڤانی لە چیای مەتینی سنوری قەزای ئامێدی شەهیدبوون و چوار پێشمەرگەش برینداربوون.

 

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، "هێزێکی پیشمەرگەی زێرەڤانی لە چیای مەتین کەوتوونەتە کەمینێکی پەکەکە و پێنج پێشمەرگەمان شەهید بوون و چواری دیکەش بریندارن".