ناس کورد-
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمیی کۆبوونەوەکە، فەڕەنسا "ستایشی ڕۆڵی هەرێمیی عێراقی کردووە لە لێکنزیكکردنەوەی بۆچوونەکان."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ماکرۆن پێگەیشتووە و لەمیانیدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان بەغدا و پاریس کراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، کازمی جەختی لە بەهێزیی پەیوەندیی مێژوویی وڵاتەکەی لەگەڵ فەڕەنسادا کردووەتەوە و لەوبارەیەوە ستایشی پاریسی کردووە لە پشتیوانیکردنی بۆ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسای لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووریی و رۆشنبیری لەگەڵ رەخساندنی کەشی گونجاو بۆ کارکردنی کۆمپانیاکانی فەڕەنسا و وەبەرهێنان لە عێراقدا کردووهتهوە.
لەلای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا پشتیوانی بۆ حکومەتی عێراق لەژێر ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە دووپات کردووهتهوه.
هاوکات ئامادەیی فەڕەنسای بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا کە بەغدا لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەدا پێویستی بێت و پشتگیریی وڵاتەکەیشی بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بە ناردنی چاودێر بۆ پشتیوانی لە کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ستایشی رۆڵی هەرێمیی عێراقی کردووە لە لێک نزیكکردنەوەی بۆچوونەکان و هیوای خواستووە کە ئەم رۆڵەی عێراق بەردەوام بێت و کاریگەی ئەرێنی لەسەر دەستەبەرکردنی شەقامگیری لە ناوچەکەدا دروست بکات.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە هەردوو سەرۆک رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەپێناو یەکخستنی هەڵوێستەکان لەبەرامبەر ئاڵنگاریی و قەیرانە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان بەجۆرێک کە خزمەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و لێک نزیكکردنەوەی بۆچوونەکان بکات.