ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى هەڵەبجە "بەڵگەیى" گرتەى ڤیدیۆیى لەبارەى دکتۆرە باخان ئازاد بڵاوکردەوە کە ناوبراو بەڕێوەبەرایەتییەکەى بە گەندەڵ ناوبردبوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتییەکە (4ى حوزەیرانى 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و هاوپێچ لەگەڵ رونکردنەوەکەدا گرتەیەکى ڤیدیۆیى بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە گرتە ڤیدیۆییەکە وەک بەڵگەیەک دراوەتە دادگا.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا ئەوە دەردەکەوێت کە د.باخان ئازاد بە یاوەرى کارمەندێکى ئێشکگر عەلاگەیەک لە دەرمان و کەلوپەلى پزیشکى دەبەنە دەرەوەى نەخۆشخانەکە و ڤیدیۆى دەگرێت وەک ئەوەى ئەوانە کەرەستەى ماوە بەسەرچووبن.
لەڕونکردنەوەکەدا بەڕیوەبەرایەتییەکە د.باخان ئازاد بەوە تۆمەتبار دەکات کەلەپشت شکاندن و بەدناوکردنی شکۆو ڕێزی کارمەندو پزیشکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتی تەندروستی بووە بەگشتی.
ڕوونکردنەوەیەکی بەڵگەیی گرتەی ڤیدۆیی:
ئێمە وەك بەرێوبەرایەتی بڕیار نەبوو وەها ڤیدیۆیەك بڵاوبكەینەوە چونكە نێردرا بوو بۆ دادگای هەڵەبجە بەڵام بەهۆی بردنی سكاڵاكانمان بۆ هەولێر لە دادگای هەڵەبجەوە بڕیارماندا بۆ دەرخستنی راستیەكان.
لەسەرهەبوونی دەرمانی ماوەبەسەرچوو لەناو نەخۆشخانەکانی پارێزگای هەڵەبجە، ئەم بەڵگە ڤیدۆییە ڕوونی دەکاتەوە کە چ دەستێک بووە لەپشت شکاندن و بەدناوکردنی شکۆو ڕێزی کارمەندو پزیشکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمان و وەزارەتی تەندروستی بەگشتی.
ئەم گرتە ڤیدۆیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ(١٠ - ١١- ٢٠١٩)، کە ئەو پزیشکەی تیایدا دەردەکەوێت کە بانگەشەی هەبوونی دەرمانی بەسەرچوو لەناو نەخۆشخانەکاندا دەکات، بەڵکو بەهاوکاری یەکێک لەوکارمەندانەی کە کلیلی کۆگای دەرمانی نەخۆشخانەکەی لەلابووە، کە عەلاگەیەک دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەگەڵ یەکێک لەکرێکارەکانی کۆمپانیای پاکكەرەوە دەبەنە دەرەوەی نەخۆشخانەکە، کە دواتر گرتە ڤیدۆی ئەم پزیشکە لەسەر ئەو دەرمانانە گیراون لەچەند شوێنێکی نەخۆشخانەكانی هەڵەبجە و هەندێك جاریش لە دەرەوەی نەخۆشخانە، ئەم تۆمارە فیدۆیانەی خۆی گرتویەتی و بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەرمانی ماوەبەسەرچوو دەدرێت بەنەخۆشە بەڕێزەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە کە ئەم گرتە ڤیدۆیە کە ماوەکەی (٣٠) خولەکە، هەردوو کارمەند دەگەڕێن بۆئەوەی شتێک بدۆزنەوە، هەروەها لەکاژێر ٨:٤٨ خولەکی شەو بۆ٩:١٨ خولەک لەوکۆگایەدا دەمێننەوە، تاکو سەرئەنجام بڕێکی کەم لەو پێداویستیە پزیشکانەی کە بۆئەوە دانرابوون بەڕێگەیەکی زانستی لەناوببرێن پاشان ناردنیان بۆ كۆگای دەرمان، بەڵام ئەم پزیشکە بەهاوکاری کارمەندی ئێشکگری شەو(خەفەر)، هەڵدەستێت بەبردنە دەرەوەی ئەم بڕە لەدەرمان و پێداویستی پزیشکی، هەروەها شڵەژانێکی دەروونی زۆری پێوە دیارە کە بەخێرایی بەرەو دەرگای دەرەوەی نەخۆشخانەکەو کارمەندەکەش بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە بۆهۆڵی فریاکەوتن وبە بێ ئەو هیچ دەرمانێكیش وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن بباتە دەرەوە زیاد لە سێ جار دەرگادەكاتەوە و دایدەخات بێ ئەوەی بزانێت بۆچی هاتوەتە ئەو كۆگایە.
ئێمە نەماندەویست هیچکات ئەگەر فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیمان هەڵەیەک بکات، ئاوا بۆڕای گشتی ئاشکرایی بکەین، بەڵکو لەڕێگەی یاساو دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە.
بەڵام لەمانگی ١٠ - ٢٠١٩، ئەم کێشەو گرفتەهەیە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەت و دادگاشمان لێ ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بە داخەوە کە دادگای لێکۆڵینەوەی پارێزگای هەڵەبجە نوسراویان بۆهاتووە، کە سەرجەم دۆسیەکانی ئەم پزیشکە لەئەنجوومەنی دادوەری پارێزگای هەولێرەوە داوا کراوەو بووەتە هۆی دواکەوتنی لێکۆڵینەوە، لەهەمانکاتدا لەلایەن وەزارەتمان و سەرجەم لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی وویستوومانە ئەم دۆسیە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام سەرئەنجام بۆبە لاڕێنەبردنی ڕای گشتی و متمانەی هاوڵاتیان ناچارین ئەم بەڵگە ڤیدۆیە بڵاوبکەینەوە.
تێبینی;هەموو ئەو دەرمانە بەسەرچووانەی باس دەكرێن ئەو بڕەیە كە لە عەلاگەیەكی شینی بچوكە و بەرەو دەرەوەی نەخۆشخانەكە ئەبرێنە دەرەوە وە هەموویان پێداویستی پزیشكی بوون وەك تەختەی پشكنینی قوڕگ وسۆندەی مەعیدەو سنگ وهەندێك ئایۆدین كە لە ئەگەری بەسەرچوونیشی تەنها كاریگەری لاواز دەبێت ولە لایەن نەخۆشەوە ناخورێت.
هاوشاریانی بەرێز ئەو گەشەیەی لە كەرتی تەندرووستی بە هاوكاری پزیشكان وكارمەندانی تەندرووستی لە چەند ساڵی رابردوودا، هەندێك لایەن وكەسی قەڵسكردووەو هەموو هەوڵێك ئەدەن بۆ لەكەداركردنمان بەڵام دڵنیابن ئێمە لەسەر رەوت ورێگەی خزمەت بەردەوامین وهیچ شتێك ساردمان ناكاتەوە.
ڕاگەیاندنی تەندرووستی هەڵەبجە