گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەمان سیناریۆی سەرۆک کۆمار لەنێوان پارتی و یەکێتى دووبارەدەبێتەوە؟

2019.06.16 - 14:53
App store icon Play store icon Play store icon
هەمان سیناریۆی سەرۆک کۆمار لەنێوان پارتی و یەکێتى دووبارەدەبێتەوە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز بڕیارە هەفتەی داهاتوو پرسی یەکلاکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەکەی عەبدولمەهدی ببرێتە پەرلەمان و ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە ڕێککەوتنێک لەوبارەیەوە، ئەگەری هەیە یەکێتی هەمان سیناریۆی پۆستی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی عێراق دووبارە بکاتەوە چونکە هەم یەکێتى و هەمیش پارتی سورن لەسەر هەڵوێستە کۆنەکانیان. حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری یەکێتى لە بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "محەمەد حەلبوسی بڕیاریداوە بەهەرشێوەیەک بێت لە هەفتەی داهاتوودا پێویستە پۆستە بەتاڵەکانی کابینەکەی عەبدولمەهدی یەکلابکرێنەوە و ناکرێت چیتر لەوە زیاتر کابینەکە بە تەواو نەکراوی بمێنێتەوە". . یەکێتی پلانی خۆی داناوە کە ئەگەر لەگەڵ پارتی ڕێککەنەکەون لەسەر ئەو پرسە، ئەوا بە وتەی بەرپرسێکى یەکێتی لە بەغدا، هاوشێوەی سیناریۆکەی پۆستی سەرۆک کۆمار دووبارە دەکەنەوە و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پۆستەکە لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلادەکەنەوە. پۆڵا سیروان تاڵەبانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، یەکێتی کێشەی نییە و دەمێکە کاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە بەڵام پارتی ڕەزامەند نەبووە لەسەری، بۆیە ئیتر پێویستە پابەندی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی بێت و پشتگیری یەکێتی بکات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. . ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتیشی، "سوورن لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە و لە پەرلەمانەوە ڕەزامەندی زۆرینەی لایەنە شیعە و سوننەکانیان بەدەستهێناوە بۆ پشتگیریکردن لە کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە." پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن پارتی پابەندی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان بێت، بە پێچەوانە لە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران و بە پشتگیری فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان پۆستەکە لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە. . هاوکات سەبارەت بە کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، پۆڵا سیروان وتی، یەکەمین کاندیدیان بۆ پۆستەکە "خالید شوانی" بووە و تائێستا بەفەرمی گۆڕانکاری تێدا نەکراوە و هەرکات پێویستی کرد کۆتا کاندید دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق. لەبارەى هەڵوێستى پارتی، ناسر یوسف، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بۆ ناس کورد جەختی کردەوە کە حزبەکەى هێشتا لەسەر ئەو هەڵوێستەیە کە دەبێت کاندید وەزارەتى دادی عێراق کەسێکى بێلایەن بێت نەک بۆ بەرژەوەندی حزبێک دابنرێت. . ناسر یوسف وتیشى، "ئەگەر یەکێتى و پارتی نەتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن ئەوە ڕەنگە عادل عەبدولمەهدی خۆی یەکێک دیاری بکات بۆ پۆستەکە." لەبارەى دووبارەبوونەوەى سیناریۆی سەرۆک کۆمار، ناسر یوسف وتی، "نابێت یەکێتى ئەو هەڵەیە دووبارەبکاتەوە و هیوادارین ئەوە ڕوونەدات چونکە کارێکى خراپە." . لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدیدا پارتی کە 28 کورسی هەیە دوو وەزارەتی هەیە و یەکێتی کە خاوەنی 18 کورسییە هیچ وەزارەتێکی وەرنەگرتووە و وەزارەتی دادیش لە کابینەکە بە مافی خۆیان دەزان و پێیانوایە کە ناکرێت بە بوونی 18 کورسی پشکیان نەبێت لە کابینەکە.