ناس کورد-
راوێژکارێکى سەرۆکى هەرێم رایگەیاند، لەئێستادا گرفتێکى زۆر گەورە و جددى لەنێوان لایەنەکان نییە لەسەر دەستور، بۆیە گەشبینن کە لەمساڵدا دەستور تێپەڕێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەعفەر ئیمینکى لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى ئاماژەى بەوەکرد، لەکاتێکى نزیکدا هەنگاوى کرداریی دەستپێدەکەن و مەتبەخێکى سیاسی بەسەرپەرشتى سەرۆکایەتى هەرێم پێکدەهێنرێت کە لەکاتى پێویستدا هاوکارى پێویست بەو لیژنەیە دەکات کە پەرلەمان لەو بارەیەوە پێکیدەهێنێت.
وتیشى "ساڵى 2015 ئەگەر ئەو کێشە لەناکاوەى نێوان پارتى و گۆڕان نەبوایە ئەوکات دەبوینە خاوەنى دەستور".
جەعفەر ئیمینکى باسى لەوەشکرد، گرفتى یەکریزی هەیە لەهەرێم، ئەوەش پرسێکە لەبەردەم سەرۆکایەتى هەرێم و دەبێت ئەو ترسە بەجدى وەربگرن.
لەبارەى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى یەوە، ئیمینکى وتى "بەگشتى پەیوەندییەکان ساردو سڕ نین، ئەگەر واشە بابێن پێکەوە گەرمى بکەینەوە، هەوڵى جدى هەیە لەو بارەیەوە بەو هیوایەین بەئامانج بگەین".
ماوەى زیاتر لە مانگێکە پرسی دەستور لەهەرێم دوبارە هێنراوەتەوە بەرباس و سەرۆکایەتى هەرێم گفتوگۆى لەگەڵ لایەنەکان دەستپێکردووە بەئامانجى دروستکردنى یەکڕیزى بۆ تێپەڕاندنى.
لەخولى پێشووى پەرلەمانى کوردستاندا و لەپرسی دەستوردا ناکۆکى گەورە لەنێوان لایەنەکان دروست بوو لەسەر سیستمى سیاسی لەنێوان سەرۆکایەتى و پەرلەمانیدا، پارتى جەختى لە سیستمى سەرۆکایەتى دەکردەوە و لایەنەکانیش تریش لەگەڵ سیستمى پەرلەمانیدا بوون.
لەئێستادا لایەنە ناکۆکەکان جەخت لە هەڵوێستەکانى پێشوویان دەکەنەوە لەو بارەیەوە، ئەوەش ئەگەرى سەرهەڵدانەوەى ناکۆکییەکانى هێناوەتەوە ئارا.