گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

دارایی پەرلەمان نوێترین زانیاریی لەبارەی نەگەڕانەوەی داهات و کێشەی پارتی و یەکێتی ئاشکرادەکات

2021.06.03 - 21:20
App store icon Play store icon Play store icon
دارایی پەرلەمان نوێترین زانیاریی لەبارەی نەگەڕانەوەی داهات و کێشەی پارتی و یەکێتی ئاشکرادەکات

ناس کورد-

د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو دوێنێ-ش وەزارەتی دارایی پێی وتوون، داهاتی نەوت و ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان نەگەڕاونەتەوە خەزێنەی حکومەت و ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی موچەیە، دەشڵێت، نەگەڕانەوەی داهاتەکە پەیوەندی بە کێشەی پارتی و یەکێتییەوە هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. شێرکۆ جەودەت (پێنجشەممە 3ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەردەوام لە پەیوەندیدی و بەدواداچوونین لەگەڵ وەزارەتی دارایی و تا دوێنێ چوارشەممەش داهاتی نەوت و ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان نەگەڕاونەتەوە وەزارەتی دارایی و ئەوەش بووەتەهۆی دواکەوتنی موچە و خاوبوونەوەی دابەشکردنی."

 

وتیشی، "نەگەڕانەوەی داهاتەکە بەهۆی کێشەی پارتی و یەکێتییەوە و ئەوان بە ئارەزووی خۆیان یاری بە قوتی ئەو میللەتە دەکەن، ئێمەش وەکو پەرلەمانتاران فشار دەکەین، بەڵام ئەو دوو هێزە بە زەبری چەک حکوم دەکەن."

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد، "کۆی ئەو داهاتانەی زۆنی زەرد و سەوز زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، بەڵام وەزارەتی دارایی هیچ ژمارەیەک ئاشکرا ناکات و کاتێکیش فشار دەکەین، دەڵێن، ئاگامان لە سەرجەم داهاتی هەرێمی کوردستان نییە."

 

ئەگەرچی لە چەند مانگی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 25ی هەموو مانگێکدا و بە کەمتر لە هەفتەیەک موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی بە لێبڕینی %21 دابەش دەکرد، بەڵام ئەم مانگە ئەو جۆرە دابەشکردن پەکی کەوت و بە دوو ڕۆژ موچەی وەزارەتێک دابەش دەکرێت.

 

پارتی لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانییەوە یەکێتی تۆمەتبار دەکات بەوەی داهاتی دەروازە سنورییەکانی سنوری خۆی نەگەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی، یەکێتیش بە پێچەوانەوە پارتی تۆمەتبار دەکات بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی نەوت، بەڵام بە وتەی شێرکۆ جەودەت، هەردوولا بەشێک لەو داهاتانەیا نەگەڕاندووەتەوە.