ناس کورد-
فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری پردێی ڕۆژئاوای کەرکوک رایگەیاند، ژووری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپاى عێراق ئەنجامى نابێت و بڕواى پێ نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوری حەمەعەلی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتى "ئەو ژوورانەی دروستکراون، گەر شتی باشی بەدوادابێت، هیوادارم وابێت، وەک خۆم باوەڕم بەو ژوورانە نیە بە هیچ شێوەیەک، گەر دەیانەوێت هەماهەنگی فیعلی هەبێت، فەرموون با بەشێوەیەکی تر هەماهەنگی بکەین، ئەگەرنا ئەفسەرێکی پێشمەرگە بڕواتە کەیوەن و لەوێ دانیشێت، لەوێ چی دەکات."
وتیشى "گەر عێراق ڕاست دەکات، با وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری هەماهەنگی بکەن، من پێشتر بەفەرماندە سەربازیەکانی کەرکوکم وت، هەرشوێنێک خەتەرە و پشێوی تیایە دەیگرین، بەڵام لێی دەمێنینەوە و ناکشێینەوە، نەک کۆمەڵێک شەهید بدەین و تەرمەکانیان ببەینەوە".
نوری حەمە عەلی ئامادەنەبوو لەسەر ئەو ساروخانە قسەبکات، کەچەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە ئاڕاستەی هەولێر دانرابوون و هێزە عێراقیەکان دەستیان بەسەرداگرتن، وتی"ئەو ساروخانە ناگەنە هەولێر و حسابیان بۆ ناکەین."
دەربارەی دەنگۆی گواستنەوەی زیندانیە داعشەکان لە گرتووخانەی کەرکوک و مەترسی هێرشی داعش بۆ سەر گرتووخانەکە، فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت"ئەو زیندانیانەی لە کەرکوک بوون، گواستراونەتەوە یان دەیانگوێزنەوە، کەواتە مەترسی پەلاماردانی داعش لەسەر گرتووخانەکەیە، کە خەڵکی دیاری داعشی تێدایە، ئامانجی داعش شکاندنی گرتووخانەکە و ڕزگارکردنی چەکدارەکانیەتی."