گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

قوباد تاڵەبانى:بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان پەڕەیەکى نوێمان لەگەڵ حکومەتى عێراق هەڵداوەتەوە 

2021.06.03 - 09:52
App store icon Play store icon Play store icon
قوباد تاڵەبانى:بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان پەڕەیەکى نوێمان لەگەڵ حکومەتى عێراق هەڵداوەتەوە 

ناس کورد- 

جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سەردانە بەردەوامەکانیان بۆ بەغدا بەئامانجى دۆزینەوەى ڕێگە چارەیەکى بنەڕەتییە بۆ کێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا بەو پێیەى قوڵایى ستراتیژی هەرێمە، دەشڵێت "پابەندى تەواوى ئەرکەکانیان دەبن بۆ جێبەجێکردنى یاساى بودجەى ساڵى 2021".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قوباد تاڵەبانى (3ى حوزەیرانى 2021) لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى، ڕایگەیاند، سەردانەکانیان لەماوەى ڕابردوودا بۆ بەغدا چەند تۆمەتێکى سیاسى درایە پاڵ، گوایە لەپاڵ گفتوگۆکانى تێپەڕاندنى بودجەدا بەرژەوەندى تایبەتیش لەخۆدەگرێت، بەڵام پێچەوانەکەى تەواوە بەغدا بەقوڵایى ستراتیژى هەرێم دادەنرێت.



ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، سەردانە دوو لایەنەکان ئەوەى سەلماند عێراق وڵاتى هەموویانە و ئەوانیش بەشێکن لێى و هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکانیشى دەدەن و لەو ڕوانگەشەوە سەردانى بەسڕە و زیقار و ئەنبار و سەرجەم پارێزگاکانى تریش دەکەن بەمەبەستى ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى نیشتیمانى هاوبەش.

 

تاڵەبانى باسى لەوەش کرد، حکومەتى هەرێم پەڕەیەکى نوێ بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکانى لەگەڵ حکومەتى فیدراڵدا کردووەتەوە  و بەردەوامیش ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە پابەندن بەیاسای بودجەى ساڵى 2021ەوە و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزارەتى دارایى و نەوت و بانکى ناوەندى و چاودێرى دارایدا کۆبونەوە بەمەبەستى زانینى ئەرکەکانى سەرشانى هەرێم لەسەر ڕۆشنایى ڕێنماییەکانى تایبەت بەجێبەجێکردنى بودجە.

 

جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەوەشى خستووەتە ڕوو، یەکێک لەئەرکە لەپێشنیەکانى سەردانەکە دڵنیاکردنەوەى لایەنە جێبەجێکار و تەشریعیەکانە بەوەى هەرێمى کوردستان ئامادەیە ئەرکەکانى کە لەیاساى بودجەدا هاتووە جێبەجێ بکات و بەوەش بەشێک نابن لەتێکدانى ڕێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵوێستى ئەوانیش لەوەوە سەرچاوەى گرتووە کە پەیوەندییەکانیان بەردەوام بێت بەپێى دەستورى عێراق.



لەبارەى هەڵبژاردنى پێشوەختەشەوە قوباد تاڵەبانى ئەوەى ڕوونکردووەتەوە، پاڵشتى تەواوى دوورخستنەوەى چەک لەهەڵبژاردنەکە و پێدانى دەرفەتى تەواو بەلایەنە رکابەرەکان دەکەن بۆ خستنەڕووى کارنامەکانیان.

 

لەبارەى هەوڵە هاوبەشەکانى هەولێر و بەغداشەوە بۆ بەرەنگاربونەوەى داعش، قوباد تاڵەبانى رونیکردەوە، هەرێم پاڵپشتى هەوڵەکانى حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ تێکشکاندنى داعش و  ئامادەشە بۆ ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى و سود وەرگرتن لەمەشق و ڕاهێنان و هەروەها پڕکردنەوەى بۆشاییە ئەمنیەکان بەتایبەت لەهێڵى تەماسى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقدا.