ناس کورد-
ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ئاشکرای کرد، لە نەوەکانى ڤایرۆسى کۆرۆناى گۆڕاوى هندى ناسراو بە دەلتا، تەنها یەکێکیان جێى نیگەرانییە و دوو جۆرەکەى تریان بەهێندەى ئەو جۆرە مەترسیدار نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕیکخراوى تەندروستى جیهانى (2ى حوزەیرانى 2021) لە بەیاننامەیەکدا بڵاوى کردەوە، کۆرۆناى گۆڕاوى "B 1.617" کە پێى دەوترێت دەلتا و بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەى فراوانى کۆرۆنا لە هندستان لە زیاتر لە 50 ناوچەى جیهان بڵاوبووەتەوە و ئەویش 3 نەوەى جیاوازى لاوەکى هەیە.
ڕونیشکراوەتەوە، لە سێ لقەکەى تەنها یەک جۆریان جێى نیگەرانییە، ئەو جۆرە کە پێى دەوترێت "B 1.617.2" مەترسیدارترە و زۆر خێراتر دەگوازرێتەوە، بەڵام دوو جۆرەکەى تر ڕێژەى گواستنەوەیان کەمترە.
لاى خۆیەوە ماریا ڤان کیرکۆڤ بەرپرسى ڕاسپێردراو بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لە ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى دەڵێت، دەزانین کە جۆرى "B 1.617.2" کە پێى دەوترێت دەلتا تێیدا ڕێژەى گواستنەوەى زۆرترە، بەواتاى ئەوەى کە بە ئاسانى لەناو ژمارەیەکى زۆرتر مرۆڤدا بڵاودەبێتەوە.
سەبارەت بە دوو جۆرەکەى تر، نەوەى B 1.617.1 لە ڕیزبەندى "کۆپى جێى بایەخ" دانراوە و ناوى لێنراوە "کابا" و نەوەى B 1.617.3 يش ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى پێى وایە مایەى بایەخ نییە هیچ ناوێکى بۆ دانەنراوە، چونکە ژمارەى ئەو کەسانەى بەو نەوەیە توشبوون زۆر نین.
دواى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە جیهاندا، چەند نەوەیەکى گۆڕاوى ڤایرۆسەکە لە جیهاندا دەرکەوتن کە بەناوى ئەو وڵاتانەوە ناونران کە تێیدا دەرکەوتن وەک، نەوەى "بەریتانى، ئەفریقى، هندى و ڤێتنامى"، بەڵام لەماوەى ڕابردوودا ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ناوى هێما یۆنانییەکانى لەو جۆرانە ناوە وەک "ئەلفا، بێتا، گاما و دەلتا" ئەوەش لەپێناو ئەوەى ناوەکان نەبنە شورەییەک بۆ ئەو وڵاتانەى نەوە نوێکانى تێدا دەردەکەوێت.