ناس کورد-
ئەو مامۆستایەى لە هەولێر لەلایەن خوێندکارێکییەوە هێرشیکرایەسەر رایگەیاند، خوێندکارەکە ئازادکراوە، لەکاتێکدا هێشتا دادگایی نەکراون لەسەر ئەو دۆسیەیە و روبەڕووى یەکتر نەکراونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد جەلال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی زۆزكی كوڕان لە هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا لەبەردەم دادگاى هەولێر رایگەیاند "خوێندکارەکە لەپشتەوە بەچەقۆ لەمنیداوە بەهۆیەوە برینداربووم، تا ئێستا بارى تەندروستیم ناجێگیرە".
وتیشى "نەدەبوو ئەو خوێندکارە ئازاد بکرێت لەکاتێکدا هێشتا من مەترسی لەسەر ژیانم هەیە".
ئەو مامۆستایە باسى لەوەشکرد، باوکى ئەو خوێندکارە فەرمانبەرى سەرۆکایەتى هەرێمە و بەپێی زانیارییەکانى خوێندکارەکە لەسنورى هەولێر نەماوە.
"تائێستا دادگای نەکراوین و هەردوکمان نەچوینەتە بەردەم دادوەر، بەڵام ئازادکراوە، لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتەکان نەدەبوو ئازاد بکرێت".
مامۆستاکە دەشڵێت "هێشتا من برینەکەم ساڕێژنەبووە خوێندکارەکە ئازادکرا، بەوەش برینەکەم قوڵتر بووەوە، رەنگە کە لەدەرەوەیە ئەو خوێندکارە کارێکى دیکە لەبەرانبەر من بکات".
لە 22 ى شوباتى ئەمساڵ ئەو مامۆستایە لەلایەن خوێندکارێکییەوە هێرشیکرایەسەر و تا کۆتایی مانگى ئایار خوێندکارەکە لە زینداندا بوو، بەڵام لەچەند رۆژى رابردوودا ئازادکرا.