ناس کورد-
د. دیلمان ئازاد، پزیشکی پسپۆڕی دادوەری چیرۆکی ڕووداوێک دەگێڕێتەوە کە پیاوێکی بەساڵاچوو چەندینجار دەستدرێژی سێکسیی کردووەتەسەر منداڵێکی خزمی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو پزیشکە دەڵێت، پیاوە بەساڵاچووەکە نوقڵ و شیرینی و خواردنی بۆ منداڵەکە کڕیوە و دواتر دەستدرێژی سێکسیی کردووەتەسەر و هەڕەشەی ئەوەی لێکردووە، ئەگەر باسی بکات، ئەوا خۆشی و دایکی دەکوژێت، بۆیە منداڵەکە نەیوێراوە ئاشکرای بکات.
دەقی چیرۆکەکە لەزاری د. دیلمان ئازاد:
ئەو منداڵەی بەساڵاچوویەکی خزمی دەستدرێژی کردبووە سەر!
ڕۆژێک ماڵێک لە ماڵی خزمێکیان دەبن، بە پڕتاو و بە شڵەژاوییەوە منداڵەکان دێنەوە و لە گێرانەوەکانیانەوە دەردەکەوێت ویستوویەتی دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەریان!
دایکی منداڵەکە پێی سەیر دەبێت پیاوێک لەو تەمەنە گەورەیەدا و بەوەشدا کە خزمێکی نزیکە، کارێکی وا بکات و بۆی سەخت بووە بڕوا بکات!
ئەوەی دایکەکەی شۆک کرد، ئەوەبوو منداڵەکەی خۆی دەمێکە قوربانیی دەستی ئەو پیاوەیە!
منداڵەکەی بە دایکی وتبوو کە دەمێکە ئەو پیاوە دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەری، بەو تەمەنە بچووکەوە بە وردی باسی هەموو ئەو دەستدرێژییەی کردبوو کە ماوەیەکی زۆرە دەیکاتە سەری.
پیاوەکە سەرەتا هەموو جار نوقڵ و کێک و شیرینی بۆ منداڵەکە کڕیوە و لێی نزیک بووەتەوە، پاشان دەستدرێژیی کردووەتە سەری و هەڕەشەی لێکردووە کە ئەگەر باسی بکات ئەوە خۆی و دایکیشی دەکوژێت!
بۆیە منداڵەکە لە ترسدا هەرگیز باسی ئەو کارەساتەی نەکردوە و چەندین جاریش دووبارە بووەتەوە!
دایکەکە ئەم رووداوەی بۆ من گێرایەوە، دەیوت خۆی و منداڵەکەشی لە بارێکی دەروونیی خراپدان.
لەبەرئەوەی پیاوە بەساڵاچووەکە خزمێکی نزیکیانە، منداڵەکەیان نەهێناوەتە لای پزیشکی دادوەری، سکاڵاشیان لەسەر پیاوەکە تۆمار نەکردووە، لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی، باوکی منداڵەکە هەڕەشەی کردبوو ئەگەر سکاڵا بکەن ئەوە خێزانەکە لێکهەڵدەوەشێنێتەوە!
دایکی ئەم منداڵە چیرۆکەکەی بە من وتووە و داوای کردووە بێ ناوهێنانیان بڵاوی بکەمەوە، تاوەکوو ببێتە وانەیەک بۆ دایک و باوکان کە:
1- متمانەی ڕەها بە هیچ کەسێک نەکرێت، تەنانەت خزمی نزیک و کەسی بەساڵاچووش، بۆ بابەتی لەو جۆرە و کەمتەرخەمی نەکەن لە چاودێرێی منداڵەکانتان.
2- کارەساتە بەهۆی شەرم و عەیبەوە ئەم ڕووداوانە پەردەپۆش بکرێن، دەبێت دەستدرێژیکاران سزای خۆیان وەربگرن و نەبنە مەترسی بۆ سەر کەسانی دیکەی کۆمەڵگە.
3- منداڵان فێربکرێن چۆن خۆیان لە دەستدرێژیکاران بپارێزن و دەنگ هەڵبڕن.
4- ئەم حاڵەتانە زەبری دەروونی توند لەسەر منداڵ بەجێدەهێڵن و دەبێت بە وردی بخرێنە ژێر چاودێریی پزیشک و توێژەری دەروونی
د. دیلمان ئازاد حەسەن
پسپۆری پزیشکیی دادوەری
مامۆستا لە کۆلێجی پزیشکی