ناس کورد-
لیژنەی تەندروستیی نیشتیمانیی چین، تۆمارکردنی یەکەم تووشبوونی مرۆڤی بە ئەنفلۆنزای (H10N3) ڕاگەیاند کە جۆرێکە لە جۆرەکانی ئەنفلۆنزای باڵندە و لیژنەکە دەڵێت، چاودێری حاڵەتەکە دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا لیژنەکە (سێشەممە 1ی حوزەیرانی 2021) ڕایگەیاندووە، چاودێری یەکەم توشبووی ئەنفلۆنزای (H10N3) دەکەن کە پیاوێکی تەمەن 41 ساڵانە و دانیشتووی شاری شینگیانگە و لەئێستادا تەندروستیی جێگیرە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشییەکە جۆرێکە لە جۆرەکانی ئەنفلۆنزای باڵندە و یەکەمجارە حاڵەتێکی لەوشێوەیە لە مرۆڤدا تۆماردەکرێت، بەڵام مەترسیی بڵاوبوونەوەی بەشێوەیەکی بەربڵاو کەمە.
بە گوێرەی ناوەندی خۆپاراستن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا H10N3 یەکێکە لە جۆرەکانی ئەنفلۆنزای باڵندە کە توشبوونێکی ڤایرۆسییە و نەک تەنها باڵندە، بەڵکو توشی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی دیکەش دەبێت.
فیلیپ کلایس، ڕێکخەری ناوەندی فریاکەوتنی فاو بۆ نەخۆشییە ئاژەڵییەکان ڕایگەیاندووە، ئەو جۆرە زنجیرە ڤایرۆسییە شتێکی باو نییە و لێکۆڵینەوە و شیکاریی بۆماوەیی پێویستە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا لە ڤایرۆسەکانی پێشوو دەچێت یان تێکەڵەیەکی نوێی چەند ڤایرۆسێکی دیکەیە.
لە وڵاتی چین چەندین نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە دۆزراونەتەوە کە هەندێکیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی توشی خەڵک بوون یاخود لەو کەسانەن کار لەگەڵ پەلەوەردا دەکەن .