گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانى کازمى لەسەر گرژییەکانى هەفتەى رابردوو

2021.06.01 - 15:38
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانى کازمى لەسەر گرژییەکانى هەفتەى رابردوو

ناس کورد-

 

مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، هەوڵێک هەبووە بۆ پەلکێشکردنى وڵات بۆ قۆناغێکى نادیار، بەڵام ئەوان پارێزگارییان لەبەرژەوەندى باڵا کردووە، لە ئاماژەیەکدا بۆ گرژییەکانى هەفتەى رابردوو کە بەهۆى دەستگیرکردنى فەرماندەیەکى حەشدى شەعبییەوە سەریهەڵدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کازمى ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجومەنى وەزیراندا وتى "لۆژیکى دەوڵەتمان چەپساند لەگەڵ میکانیزمەکانى جێبەجێکردنى یاسا بەپێی بنەما دەستورییەکان، ئەم حکومەتە ئیرادەى هەیە بۆ بڕیاردان، بوێرى و ئازایەتیشى هەیە بۆ چاکسازیی و بنەبڕکردنى گندەڵى، سەربارى لاوازى پاڵپشتى سیاسی و کەمى ئامرازە کاراکانى وەزارەتەکان کە پێویستیان بە پەرەپێدانە".

 

وتیشى "ساڵێکى قورس لە تەمەنى حکومەت تێپەڕى کە پڕبوو لە ئاڵنگاری، هەندێکمان تێپەڕاند و کار بۆ تیپەڕاندنى ئەوەى تریش دەکەین".

 

چوارشەممەی رابردوو (26 ئایاری 2021) دەستگیرکردنى قاسم موسڵح، فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی، گروپە میلیشیاکانى سەربە حەشدى شەعبى توڕە کرد، بۆ ئێوارەکەى هەڵیانكوتایە سەر ناوچەى سەوزی بەغدا، پاش ئەوەش هێزێکى زۆرى ئەمنى لە دەروازەکانى ناوچەى سەوز بڵاوەیان پێکرا و لەشەقامەكانی بەغداش گرژی دروست بوو.  

  

هەرچەند تۆمەتەكانی قاسم موسڵیح تیرۆرە، بەڵام بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان ناوبراو تۆمەتبارە بە هێرشكردنە سەر بنكەی (عین الأسد) ئەمەریكییەكان و تیرۆركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانی تشرین لەوانەش ئیهاب وەزنی كە لە (9 ئایار) لە سەنتەری كەربەلا كوژرا. بەهۆی ئەوەشەوە ڕۆژی (25 ئایار) خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق لە هەموولایەكەوە ڕژانە گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی نسوری بەغدای پایتەخت لەژێر دروشمی "كێ كوشتمی؟" و جموجوڵەكەی خۆشیان ناونا "شۆڕشی ئیهاب وەزنی".  

  

هاوکات ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران هەڕەشەی ئەوەیكردووە لە هادی عامری سەرۆكی بەدر ئەگەر چەكدارەكانی حەشد نەچنە دەرەوە، ئەوە لە گوتارێكی تەلەفزیۆنیدا دەستلەكاركێشانەوە ڕادەگەیەنێت و ئۆباڵی هەرەسی دەوڵەتیش دەخاتە ئەستۆی هێزە شیعەكان.  

  

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێکدا (28 ئایاری 2021) ستایشی ئازایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكات لە دەستبردن بۆ فەرماندەیەكی حەشد و ئازایەتی دەستگیركردنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار و ئەمەش بە "گۆڕانی پەیوەندی حكومەت لەگەڵ حەشد" دەداتە قەڵەم.  

  

ئەلعەرەب لەزاری سەرچاوەكانییەوە ئەوەشی ئاشكراكردووە لە شەوی گەمارۆدانی ناوچەی سەوز، مستەفا كازمی بەهادی عامری سەرۆكی بەدری وتووە كە یەكێك لە بەهێزترین میلیشیاكانی ناو حەشدە، ئەگەر هێزە چەكدارەكان لەناو ناوچەی سەوز نەچنە دەرەوە، ئەوا دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش دەكات و ئۆباڵی هەرەسی دەوڵەتیش دەخاتە ئەستۆی هێزە شیعەكان.  

  

بەگوێرەی سەرچاوەكانی ئەلعەرەب عامری توشی شۆك بووە لە پێداگریی زۆری كازمی و پێیوا نەبووە دەست بۆ فەرماندەیەكی باڵای حەشد ببات لەچەشنی قاسم موسڵیح، هەروەها بڕوای نەكردووە لەسەر هێشتنەوەی لەزیندان ئەوەندەش بەرگری گوشارەكان بكات.  

  

هادی عامری كە سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی حەشدی شەعبی دەكات لە پاش هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و بڵاوەكردنی چەكدارەكان، لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (28 ئایاری 2021) جەختیكردەوە، "ئەوەی دەیەوێت بەهەر پاساوێک شکۆی حەشدی شەعبی بشکێنیت، ئەوەیە کە دەیەوێت شکۆی دەوڵەت بشکێنێت".

 

هەروەها وتیشی "حەشدی شەعبی بە خوێنی خۆی شکۆی دەوڵەتی بونیات ناوە، هەندێك گرتن و ئەشكەنجەدان هەیە ناكرێت هیچ كات ڕازی بین پێی".