ناس کورد-
وتەبێژى قوباد تاڵەبانى رایگەیاند، تا ئێستا لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ جێبەجێکردنى یاساى بودجە هیچ کێشەیەک دروستنەبووە، سێ لیژنەى هاوبەش راسپێردراون بۆ کارکردن لەو بارەیەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماوەى سێ رۆژە شاندێکى باڵاى هەرێم لەبەغدایە و دوێنێ لەگەڵ وەزارەتى دارایی بەغدا کۆبووەوە بەمەبەستى گەیشتن بەمیکانیزیمى جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە و پابەندییە داراییەکانیان لە بودجەدا.
سەمیر هەورامى وتەبێژى قوباد تاڵەبانى سەرۆکى شاندى هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، شاندى هەرێم تا ئێستا لەگەڵ وەزارەتى دارایی کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت تا میکانزیمێکى تایبەت بە جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا لە بودجە دادەنرێت.
وتیشى "سێ لیژنەى هاوبەشى تایبەت بە نەوت و داهاتى نانەوتى و قەرزەکانى TBI کاردەکەن بۆ ئامادەکردنى راپۆرتێک لەو بارەیەوە، دواتر بۆ وەزارەتى دارایی هەردوولا بەرزدەکرێتەوە بۆ پەسەنکردنى و رێککەوتنەکە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە".
سەمیر هەورامى جەختیکردەوە، تا ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە.
هەریەکە لەهەرێم و بەغدا جەختدەکەنەوە لەسەر پابەندبوون بە یاساى بودجە و جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى نێوانیان، بەڵام تا ئێستا وادەى جێبەجێکردنى یاساکە نادیارە.
هەردوو وەزارەتى دارایی هەرێم و بەغدا دوێنێ دواى کۆوبونەوەیان لە راگەیەنراوێکدا ئامادەییان دەربڕی بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، بڕیارە كۆبوونەوەیەكی تر بكرێت سەبارەت بە پرسی نەوت بۆ ئەوەی راپۆرتێكی ھاوبەش لەبارەی ئەو دۆسیەیەش ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت.