گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى لە ’’ناس’’ـەوە ڕوونکردنەوە لەسەر تۆمارکردنى پەتا کوشندەکەى هیندستان لە عێراق دەدات

2021.05.31 - 23:36
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستى لە ’’ناس’’ـەوە ڕوونکردنەوە لەسەر تۆمارکردنى پەتا کوشندەکەى هیندستان لە عێراق دەدات

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستیی عێراق ڕەتی کردەوە هیچ حاڵەتێکى توشبوون یان گیانلەدەستدان بە پەتاى کەڕووى ڕەش تۆمارکرابێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەمار زاملى، وتەبێژى وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە "ناس"ى ڕاگەیاند، هیچ حاڵەتێکى توشبوون یان گیانلەدەستدان یان گومانلێکراو بە کەڕووى ڕەش تۆمارنەکراوە لە پارێزگاى زیقار.

 

وتیشى، هیچ تاقیگەیەکى تایبەت بە تۆمارکردنى ئەو نەخۆشییە لەعێراق بوونى نییە.

 

پێشتر چەند دەزگایەکى راگەیاندن لەزارى سەرچاوەیەکى پزیشکى یەوە گواستیانەوە، کە یەکەم حاڵەتى مردن بە کەرووى رەش لە زیقار تۆمارکراوە.

 

پەتاى کەڕووى ڕەش (20ى ئایارى 2021) بڵاوبوونەوەى لە هیندستان ڕاگەیەنرا، کە توشى بەشێکى زۆر لە توشبووانى کۆرۆنا بووە و ڕێژەى مردنى گەیاندووەتە ئاستێکى بەرز و هۆکارەکەشى بۆ چارەسەرێکى کۆرۆنا دەگەڕێنرێتەوە.


پەتاى "کەڕووى ڕەش" بەهۆى چەند بوونەوەرێکەوە دروست دەبێت کە پێیان دەوترێت Mucorales کە لە ڕێگەى هەناسەدان و پێستەوە دەتوانن بچنە جەستەى مرۆڤەوە، بەشێوەیەکى سروشتى لە خۆڵ و ماددەى ئۆرگانى شیبووەوەدا هەن، هەرکاتێکیش چووە ناو جەستەوە دەتوانن گیرفانە هەواییەکانى پشتى لوت و ئێسکى کوڵمەکان نێوان چاوەکان و ددانەکان تووش بکەن.

بەپێی ئاژانسى فرانس پرێس، لەئێستادا هەزارەها کەس لە هیندستان تووشى پەتاى "کەڕووى بۆگەن" بوون کە بە "کەڕووى ڕەش" ناسراوە و لە بارودۆخى ئاساییدا زۆر دەگمەنە، پزیشکان باس لەوەدەکەن چارەسەرێک کە پێى دەوتریت "ستیرۆید" و بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت هۆکارى بڵاوبوونەوەى "کەڕووى ڕەش"ە و لە ئێستادا مەترسى لەسەر توشبووانى کۆرۆنا دروست کردووە.


بەپێى زانیارییەکان، پەتاکە لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا دەبێتە هۆى گیانلەدەستدانى زیاتر لە 50%ى توشبووان، هەندێک جار بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى بە جەستەدا پزیشکانى نەشتەرگەر هەردوو چاو و شەویلگەى سەرەوەى نەخۆشەکە دەردەهێنن.

پزیشکان باس لەوەدەکەن، بەهۆى زۆرى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا و پەلەکردن و زۆر بەکارهێنانى "ستیرۆید"ەکان پەتاکە بڵاوبووەتەوە، ئەوانەشى زیاتر مەترسى توشبوونیان هەیە، ئەو توشبووانەى کۆرۆنان کە نەخۆشى شەکرە و لاوازى سیستمى بەرگرییان هەیە، ژمارەیەک دەرمانى چارەسەرى توشبووانى کۆرۆناش دەبنە خۆى ڕێگەگرتن لە سیستمى بەرگرى کە شەڕى دژى پەتاکە بکات، وڵاتى هیندستانیش بەرزترین ڕێژەى نەخۆشى شەکرەى تێدایە لە جیهاندا.