ناس کورد-
ئەیاد عەلاوی ئاشکرای کرد، پێش پێکهێنانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، داوای لە مەسعود بارزانی کردووە پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لەژێر چەتری یەک فەرماندەیی کۆبکرێنەوە، ئەویش پێى باشبووە و ڕەتی نەکردووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی وەتەنییە (31ی ئایاری 2021) لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "المربد"ی عێراقی ڕایگەیاند، لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی چاوى بەمەسعود بارزانی کەوتووە وپێی وتووە، لە دەستوردا کەلێنێکی مەترسیدار هەیە ئەویش ئەوەیە کە تەنها ئاماژە بەپۆستی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دەکات، بەڵام باسی لە فەرماندەییەک بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق ناکات.
وتیشی، "بە بارزانیم وت، بۆچی ئێوە هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ چەکدارانی حەشدی شەعبی لەژێر چەتری فەرماندەییەک کۆناکەنەوە بەجۆرێک هێزەکانی پێشمەرگە چەند ئەفسەرێکی کوردی پلە باڵا لەو فەرماندەییە نوێنەرایەتییان بکات و بەهەمان شێوەش چەکدارانی حەشدی شەعبی".
عەلاوی دەڵێت، "بۆ بارزانیم ڕوونکردەوە کە پێکهێنانیی ئەو فەرماندەییە سودێکی زۆری دەبێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەڕووی پڕچەککردن و تەمویل کردنەوە، کەئەوەش وادەکات بارگرانێکی زۆر لەسەر شانی حکومەتی هەرێم لاببات".
بەوتەی عەلاوی بارزانی پێشنیارەکەی ئەوەی پێ باش بووە و ڕەتینەکردووەتەوە.