ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی پلانێک ئاشکرادەکات بۆ ئەوەى هاوشێوەى پارتى هێزێکیان بخەنە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگەوە، بەڵام دەڵێت ئەو هەنگاوە پێویستی بەدڵنیایی هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا چاوەڕەش (31ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند، پلانیان هەیە هاوشێوەی پارتی هێزێکیان بخنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەڵام ئەو هەنگاوە پێویستی بەدڵنیایی هەیە، بڕیاریشە بەم نزیکانە لەسەر میکانزم و ڕێکارەکان لەگەڵ پارتی کۆببنەوە.
وتیشی، "ئەو پرسە لەئێستادا بەچڕی لەلایەن هاوسەرۆکەکان و ئەندامان و کادرانی یەکێتییەوە تاوتوێی دەکرێت بۆئەوەی میکانزمێک بۆ ئەو هەنگاوە دابنرێت داپەروەری و یەکسانی تێدا بەدی بکرێت بۆ ئەوەی هەموولایەک تێدا ڕووسوربن، پرسەکە پێویستی بە دڵنیایی هەیە".
فەرماندەی هێزەکانیی حەفتاى یەکێتى جەختیکردەوە، لەبنەڕەتدا ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە پڕۆژەی یەکێتی بووە، بەردەوام هێزەکانی هاوپەیمانیی لەعێراق لەکاتی سەردانەکانیاندا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوسەرۆکەکانیی یەکێتی جەختیان لەسەر کردووەتەوە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەبڕیاری مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هێزی پشتوانی یەک کە لەلایەن سیدادی برایەوە فەرماندەیی دەکرێت خرایە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانەوە.
ناس کورد پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدەن، بەڵام ڕەتیان نەکردەوە.
ئەو هێزەى پارتى بەشێک بوو لە هێزەکانى هەشتاى سەر بە پارتى کە تا ئێستا لەدەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە ماوەتەوە، هاوشێوەى هێزەکانى حەفتاى یەکێتى.