گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’سییەکانی هەرێم لەناو دەبات’’

زیانگەیاندنی تورکیا بە دارستانەکانی هەرێم ئاشكرا کرا

2021.05.31 - 14:20
App store icon Play store icon Play store icon
زیانگەیاندنی تورکیا بە دارستانەکانی هەرێم ئاشكرا کرا

ناس کورد-

بڕینەوەی دارەکانی ناوچە سنورییەکانی سنوری زاخۆ لەلایەن تورکیاوە بووەتە باسێکی گەرمی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە، بەڵام بەهۆی بوونی سوپای تورکیا و بوونی شەڕ ناتوانن بچنە ئەو ناوچەیە، دەستەی ژینگەی هەرێمیش دەڵێت، لە 10 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی تۆپبارانی تورکیا و ئێرانەوە نزیکەی 350 هەزار دۆنم دارستان لە هەرێم سوتاوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە چالاکوانان و بەشێک لە پەرلەمانتاران باس لەوەدەکەن لە ناوچە سنورییەکانی قەزای زاخۆ تورکیا دارەکانی هەرێمی کوردستان دەبڕێتەوە و دەیبات بۆ تورکیا، بەڵام تائێستا پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە بێدەنگن.

 

لەوبارەیەوە ئەحمەد محەمەد، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم (دووشەممە 31ی ئایاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئێمە بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو کارەین و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێنماییەکانی ئێمە یەک ناگرێتەوە."

 

 

وتیشی، "بۆ ئەو مەبەستە لیژنە پێکهاتووە، بەڵام بەهۆی ئەو ناوچەیە قەدەغەکراوە و شەڕی تێدایە و سوپای تورکیای لێیە، بۆیە لیژنەکە ناتوانن بچنە ناوچەکە و بەدواداچوونی تەواو بۆ بابەتەکە بکەن."

 

 

 

یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008، بڕینەوە و سوتاندن و لەناوبردنی دارستان و سەوزاییەکانی ناوچە سنورییەکانی قەدەغەکردووە، بەهەمانشێوە یاسای ژمارەی 10ی ساڵی 2012ی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو کارەی قەدەغە کردووە.

 

وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم دەڵێت، "مادەی 33 لە دەستوری عێراقیش باسی لەوەکردووە کە پاراستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان ئەرکی دەوڵەتە، بۆیە بەشێکیش لەو ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق."

 

جگە لە بڕینەوەی دارەکان کە ئێستا بووەتە باسی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە هەرێم بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران زەرەر و زیانێکی زۆر بەر دارستان و سەوزاییەکانی هەرێم دەکەوێت.

 

وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم باسی لەوەکرد، لە 10 ساڵی ڕابردوودا یەک ملیۆن و 30 هەزار دۆنم دارستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە هەرێم سوتاوە کە %35ی بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا بە پلەی یەکەم و بەشێکیشی بەهۆی ئێرانەوە بووە کە دەکاتە نزیکەی 350 هەزار دۆنم.

 

"ئەوە زەرەر و زیانێکی زۆری لە هەرێمی کوردستان داوە، چونکە دارستانەکان وەک سییەکانی هەر وڵاتێک وایە و بە بڕینەوەی دارێک کاریگەریی دەکاتەسەر کەمبوونەوەی ئۆکسجین و پیسبوونی هەوا."، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم وا دەڵێت.

 

جەختیشیکردەوە، "بەرپرسیارێتی پاراستنی دارستانەکان و هەبوونی هەڵوێست دەکەوێتەسەر حکومەتی هەرێم و عێراقیش و ئەو پرسە زیاتر پرسێکی سیاسییە و پێویستە چارەسەر بکرێت و کۆتایی پێبهێنرێت."