ناس کورد-
وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ڕایگەیاند، هەوڵەکانى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕێژەى قاچاخچێتى زیاتر لە 50% کەمکردووەتەوە و لەئێستاشدا بەزۆرى قاچاخچێتى لەخاڵە سنورییەکانى هەرێمدا دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەمید نایف، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق (30ى ئایارى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق ڕایگەیاند، وەزارەت خشتەیەکى کشتوکاڵ و بەروبومى ناوخۆیى لەبەردەستدایە کە زیاتر لە 24 مادەى کشتوکاڵى دەگرێتەوە کە لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، چەند کێشەیەک لەئارادان لەوانە قاچاخیکردن بەهاوردە و هەناردەوە کە بەڵایەکە کاریگەرى بەسەر کەرتەکەوە بەشێوەیەکى گشتى هەیە.
نایف دەشڵێت، هەوڵەکانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەخاڵە سنورییەکانى ناوەڕاست و خواروى عێراقدا بەڕێژەى زیاتر لە 50% قاچاخچێتى کەمکردووەتەوە و تەنها لەخاڵە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان ماوە.
وتەبێژەکەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق باسى لەوەش کرد، خاڵە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى فەرمى شتومەک داخڵ دەکەن و گومرگ لەقاچاخچیەکان وەردەگرن و دۆسیەکانى هەرێمیش هونەرى نین و سیاسین بەو واتایەى لەئەرکى وەزارەتەکەیان گەورەترە.