گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باسی دەستگیرکراوانی بادینان دەکا

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان ڕوونکردنەوە دەدات

2021.05.30 - 14:48
App store icon Play store icon Play store icon
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان ڕوونکردنەوە دەدات

 ناس کورد-

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان دژی هیچ لایەنێک نییە و سەرەتای یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردە و دەیانەوێت ئەو بەرەیە فراوانتر بکەن، لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینانیش دەڵیت، لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرین و پشتیوانی لە دەنگی ئازاد دەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئایاری 2021، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشانپێشوازیکرد لە کلێمێنس زێمتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم، رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان و ھاوپەیمانی کوردستان کرا و  بەھێزترکردنی پێگەی کورد لە ناوەند تاوتوێکرا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، ھاوسەرۆکی یەکێتی بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد، پەرۆشی و پشتگیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی ھەر ھەوڵێک کە لایەنەکان لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانی کۆبکاتەوە و ناکۆکی و جیاوازییە سیاسییەکان بخاتە خزمەت بەرژەوەندی گشتی، بۆ ئەوەش رایگەیاند، "یەکێتی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە و دەمانەوێت ئاڕاستە و بیرکردنەوەکانمان ھەرچەند لەیەکتر دووربن، بەڵام دواجار ھەمووی بخەینە خزمەت کوردستان. چەندین ھەوڵی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی ئاشکراکرد و داوایکرد چیتر مەرامی حزبی و ناکۆکییە کەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان چونکە بەرژەوەندی هەرێمەکەمان لەسەروو ھەموو ناکۆکییەکانەوەیە."

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان و ھاوپەیمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی ئەم ھەنگاوە ئەرێنی و نیشتمانییەی بەسەرەتای یەکخستنەوەی ماڵی کورد وەسفکرد و جەختیکردەوە ئەم ھاوپەیمانییە رەھەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە و دژی ھیچ ھێز و لایەنێک نییە، بەڵکو دەمانەوێت لەو رێگایەوە پێگەی کورد لە بەغدا بەھێزبکەین و مافەکانمان بەدیبهێنین. خواستیشمانە ئەم بەرە نیشتمانییە فراوانتر بکەین."

 

ئەوەش هاتووە، ھەر لەدیدارەکەدا لەبارەی ئازادی نووسین و رادەڕبڕین و زیندانیکردنی گەنجەکانی بادینان بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، "لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریین و نامانەوێت بەپاساوی سیاسی رێڕەوی بڕیارەکان و سەربەخۆیی دادگاکانمان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ ئەوەش داوامان لە ناوەندە یاسایی و قەزاییەکان کردووە پێداچوونەوە بەم بڕیارانە بکرێت بۆئەوەی نەبینە ھۆکارێک بۆ لەکەدارکردنی ئەزموونی دیموکراتی لە ھەرێمەکەمان. وەک یەکێتیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی قەڵەمە ئازاد و بوێرەکان دەکەین و رێگەنادەین بەهیچ شێوەیەک سنوورەکانی ئازادی لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک بکرێتەوە."