گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دادگای سودان ئەنجومەنی سەربازی بەدرۆ دەخاتەوە

2019.06.15 - 22:23
دادگای سودان ئەنجومەنی سەربازی بەدرۆ دەخاتەوە
ناس کورد- دادگای سودان لەبارەی ڕووداوی پەلاماردانی خۆپیشاندەران لە خەرتوومی پایتەخت، ئەنجومەنی سەربازی ئەو وڵاتە بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت: لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەنجومەنەکە بەهیچ شێوەیەک بڕیار لەسەر خۆپیشاندەران نەدراوە. . لە راگەیەندراوێکدا کارگێڕی نووسینگەی هونەری و لێکۆڵینەوەی زانستی لە دەسەڵاتی دادوەری سودان سەرلەبەری وتەکانی شەمسەدین کوباشی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی سودانی ڕەتکردەوە کە وتبووی "سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران بە مۆڵەتی دادگا بووە." . راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجومەنی سەربازی داوای لە سەرۆکی دادگا کردووە کۆبوونەوەیەک لە بینای وەزارەتی بەرگری ئەنجام بدەن، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکەکەی دیاری بکەن و لەڕۆژی ٢٥ی ئایاری ڕابردوو کۆبوونەتەوە و تیایدا جێگری ئەنجومەنە سەربازییەکە لەبەر هۆکاری ئەمنی، داوای چۆڵکردنی ناوچەی کۆڵۆمبیای کرد لە سوودان بەوپێیەی ناوچەیەکی شوێنەوارییە. . ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنجومەنی سەربازی داوای لە سەرۆکی دادگا و  داواکاری گشتی ڕاسپێردراو کردووە ڕای خۆیان لەو بارەیەوە بخەنە ڕوو، بەڵام سەرۆکی دادگا داواکەی ڕەتکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی ئەودا نییەو تایبەتە بە داواکاری گشتی و پۆلیس و ئەوان ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. . هەر لەو چوارچێوەیەدا جێگری داواکاری گشتی سودان بە ڕؤیتەرزی ڕاگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیان لەسەر داپڵۆسینی خۆپیشاندەران نەکردووە. . پێشتر وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی سودان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، بڕیاری بڵاوەپێکردنی مانگرتووەکانی بەردەم وەزارەتی ناوخۆ دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی  سەربازی و سەرۆکی دادگاو سەرۆکی داواکاری گشتی بووەو لەو بارەیەوە ڕاوێژ بەوان کراوە. . کوباشی جەختى لەوە کردبوویەوە کە هەڵە لە ئەنجامدانی پڕۆسەکەدا هەبووە و هێزە ئەمنییەکان ئەرکەکەیان بەباشی ئەنجام نەداوە. . دوای زیاتر لە سێ مانگ خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکی سودان بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵات، ڕۆژی 5ی حوزەیرانی ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی سودان پەلاماری خۆپیشاندەر و مانگرتووانییاندا لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆ لە خەرتوومی پایتەخت و بەو هۆیەوە زیاتر لە 120 کەس کوژران و سەدان کەسیش برینداربوون، لەو کاتەوەشەوە کۆتایی بەهەموو جۆرە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان لەو وڵاتەدا هێنراوە. .