ناس كورد-
ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاوێکردەوە، هاووڵاتییەکی فەلەستینی 14 کەسی خێزانەکەی لە شەڕەکەی ئەم داوییەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە لەدەستداوە و لەئێستادا بەدیار هاوسەرە بریندارەکەیەوە لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەدا گیری خواردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاپۆڕتێکی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمەریکی ( 30ی ئایاری 2021) هاوڵاتییەکی فەلەستینی بەناوی "عەلا ئەبوعوف" لەهێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکەکانیی ئیسرائیل 14 کەسی لەخێزانەکەی لەدەستداوە کە دووانیان کچی بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەبو غەوف چەند ڕۆژێک لەمەوبەر توانیویەتی تەرمی هەردوو کچەکەی بەناوەکانی ( شیما و روان) لەژێر دارو پەردووی خانووە ڕووخاوەکەیدا دەربهێنێت و بەخاکیان بسپێرێت".
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاوسەرەکەی ئەبوعوف بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە لە یەکێک لەنەخۆشخانەکانی کەرتی ڕۆژئاوا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکانی غەزە بەدەست کەمی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن، بۆیە ئەبوعوف لە ئێستادا نازانێت کەی جارێکی دیکە بەدیداری هاوسەرەکەی شاد دەبێتەوە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، "تائێستا هاوسەرەکەی ئەبوعۆف بەگیان لەدەستدانیی دوو کچەکەی نازانێت، چونکە ئەبۆعوف نەیویستووە ئەو هەواڵە ناخۆشەی پێی بڵێت نەوەک زیاتر دۆخی تەندروستیی خراپتربێت".
واشنتۆن پۆست، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەبۆعوف کە تەمەنی ( 48) ساڵە لە ئێستادا ناتوانێت بەهیچ شێوەیەک بیر لە دووبارە بنیاتنانەوەی ماڵە ڕووخاوەکەی بکاتەوە، چونکە ئەو لە ئێستادا هەموو هەوڵەکانی بۆچارەسەرکردنی هاوسەرە بریندارەکەی و بژێوی منداڵەکانی تریەتی کە لە ئاگری شەڕەکە ڕزگاریان بووە."
پێش دووهەفتە لەمەوبەر شەڕ لەنێوان گروپی حەماس لەغەزە و سوپای ئیسرائیل ڕوویدا و لە ئاکامدا دەیان هاووڵاتی فەلەستینی و ئیسرائیلی کوژران و بریندابوون.