گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق دەبێتە گۆڕەپانی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا؟

2019.06.15 - 18:28
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق دەبێتە گۆڕەپانی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ڕۆژنامەی واشنتۆنپۆست بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران، عێراقییەکان پێیانوایە ناوچەکەیان جارێکی تر دەبێتەوە مەیدانی یەکلاکردنەوەی شەڕی ئەو دوو هێزە. ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەى بەوەشداوە، تێکشکاندنی داعش لە عێراق مژدەی بەرقەراربوونی ئاشتی بوو بۆ ناوچەکە، قاوەخانەکانی بەغدا جموجوڵێکی زیاتریان بۆ گەڕاوەتەوە و جارێکی تر ژیانی شەوانە بۆ گەنجان گەڕاوەتەوە. . بەڵام سەرباری ئەوە، خەڵکی بەغدا لەم چەند ڕۆژەی دواییدا نیگەرانن لە زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە بە تایبەت پەلکێشکردنی عێراق لەو نێوەندەدا بۆ شەڕێکی نەخوازراو. بەشێکی کەم لە وڵاتان وەک عێراق لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تێوەگلاون، بەوپێیەی هەردوو وڵات چەندی گرێبەستیان لەگەڵ عێراق هەیە و دۆستی نزیکن. . ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، ئێران پاڵپشتی سەربازیی و لۆجیستی ژمارەیەک میلیشیای چەکدار دەکات لە عێراق، لەلایەکی ترەوە ئەمریکا هێشتا پێنج هەزار سەربازی لە عێراقدا ماوە. بارگرژییەکان زیاتر دەبن، مانگی ڕابردوو واشنتۆن ڕایگەیاند، زانیاری هەواڵگرییان دەستکەوتووە کە هێزەکانیان هەڕەشەیان لەسەرە، هەربەوهۆیەوە بڕیاریدا ژمارەیەک لە فەرمانبەری باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، دوای چەند ڕۆژێک لەو هۆشدارییەش، موشەکێک بەدووری زیاتر لە کیلۆمەترێک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتەوە. . ئاماژەی بەوەشداوە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە کە دۆخەکە ئارام بکەنەوە. ڕۆژنامەکە لەسەر زاری عێراقییەکانەوە دەڵێت، زۆر بەوردی ئاگاداری مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕی ئەو دوو وڵاتەن. . عەباس مەهدی تەمەن ٦٠ ساڵ کە پێشتر سەربازی عێراقی بووە بە ڕۆژنامەکەی وتووە، دۆخی ناوچەکە خەڵکی نیگەران کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستەنگییەکان لە ناوخۆی وڵات زیاتربوون و دەڵێت: "دۆخەکە هاوشێوەی هەموو دۆخە مەترسیدارەکانى ترە لە عێراق". ئەو پێیوایە زۆر شت هەیە لە عێراق کە خزمەتی هەژمونی ئێران دەکات و تاران دەتوانێت بیکشێنێتەوە و دەڵێت، "هەمیشە هەر وابووە، گەلی عێراق هەمیشە زیاتر لەوانی تر مەینەتی کێشاوە."