گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەرقولئەوسەت: گوشارەكانی سەر كازمی سەركەوتوو نەبوون 

2021.05.28 - 10:39
App store icon Play store icon Play store icon
شەرقولئەوسەت: گوشارەكانی سەر كازمی سەركەوتوو نەبوون 

ناس کورد-

 

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە گوشارە سەربازییەكانی سەر مستەفا كازمی سەركەوتوو نەبوون لە ناچاركردنی بە ئازادكردنی تۆمەتبارەكەی حەشد یان لانیكەم رادەستكردنی بە دەزگای ئاسایشی دەستەی حەشدی شەعبی. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژنامەكە لە ژمارەی ئەمرۆیدا (28 ئایاری 2021) ئاماژەی بەوەكردووە ئاسایش بەشێوەیەكی رێژەیی گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا پاش شەوێكی دوورودرێژ لە گرژی و دڵەڕاوكێ. 

 

دەستگیرکردنى قاسم موسڵح فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی، گروپە میلیشیاکانى سەربە حەشدى شەعبى توڕە کرد و پێرێ چوارشەممە هەڵیانكوتایە سەر ناوچەى سەوزی بەغدا، پاش ئەوەش هێزێکى زۆرى ئەمنى لە دەروازەکانى ناوچەى سەوز بڵاوەیان پێکرا و لەشەقامەكانی بەغداش گرژی دروست بوو. 

 

هەرچەند تۆمەتەكانی قاسم موسڵیح، تیرۆرە، بەڵام بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان  ناوبراو تۆمەتبارە بە هێرشكردنە سەر بنكەی (عین الأسد) ئەمەریكییەكان و تیرۆركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانی تشرین لەوانەش ئیهاب وەزنی كە لە (9 ئایار) لە سەنتەری كەربەلا كوژرا. بەهۆی ئەوەشەوە ئەم هەفتەیە (25 ئایار) خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق لە هەموولایەكەوە ڕژانە گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی نسوری بەغدای پایتەخت لەژێر دروشمی "كێ كوشتمی؟" و جموجوڵەكەی خۆشیان ناونا "شۆڕشی ئیهاب وەزنی".  

  

قاسم موسڵیح، كە پێشتر و لەسەردەمی شەڕی داعش فەرماندەی لیوایەكی سەر بەعەتەبەكانی مەرجەعیەتی نەجەف بووە "الطفوف" كە بە "حەشدی مەرجەعیەت" دەناسرێت، دواتر پەیوەندی كردووە حەشدی وەلائی سەر بەئێران، لەگەڵ براكەیدا (عەلی موسڵیح) تۆمەتبارن بە سەركوتكردنی ناڕازییەكان و گەندەڵی دارایی و سەرانە وەرگرتن، لەم میانەیەشدا دایكی ئیهاب وەزنی، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت، قاسم موسڵیح هەڕەشەی توندی لە كوڕەكەی كردووە "ئەگەر یەك رۆژیشم مابێت لە ژیاندا هەر دەتكوژم".  

  

ئەحمەد ئەلیاسری كە چاودێرێكی سیاسییە لە شیكارێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی باس لەوە دەكات، موسڵیح لەم ساڵانەی دوایی و لەسەر دەستی قاسم سلێمانی، بووەتە جێگە متمانەی سوپای پاسداران و سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی ئەمنی میحوەری ئەنباری پێ سپێردراوە كە عێراق و ئێران دەبەستێتەوە بە سوریا و مۆڵگەی پێشووی ڕێكخراوەكانی ئەلقاعیدە و داعش بووە، هەر ئەمەش قاسم موسڵیح كردووەتە یەكێك لە بڕواپێكراوترین لێپرسراوەكانی ناو حەشدی شەعبی و كەسایەتییەكی كاریگەر لە دەستەی حەشدی شەعبی.