ناس کورد-
ڕاوێژکارێکى کازمى بۆ کاروبارى هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، دواى گەیشتنى داواکارییەکەى عێراق بەنەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینى ئەوە دەکرێت ئەو ڕێکخراوە ڕەزامەندى لەسەر ناردنى چاودێرى نێودەوڵەتى بۆ هەڵبژاردنەکان بدات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەبدولحوسێن هنداوى، ڕاوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى هەڵبژاردنەکان (27ى ئایارى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى ئاماژەى بەوە کرد، عێراق داواى لەنەتەوە یەکگرتووەکان کردووە نێردەى نێودەوڵەتى تایبەت بۆ چاودێریکردنى هەڵبژاردنەکان ڕەوانە بکات.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێى ئەو بڕیارە دەکات دواى ئەوەى پەیامێکى لەلایەن وەزیرى دەرەوەى عێراقەوە لەو بارەیەوە پێگەیشتووە.
هنداوى باسى لەوەش کرد، ئەو بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ نوێکردنەوەى کارى ساڵانەى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامى) بۆ هاریکاریکردنى عێراق لەکۆتایى ئەم مانگەدا.
ئەو ڕاوێژکارەى مستەفا کازمى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، چاودێریکردنى نێودەوڵەتى هەموو کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵام هەبوونیشى گرنگە بۆ هاندانى خەڵکى بۆ ئەوەى بچێت بۆ دەنگدان و هەروەها متمانەى بەپڕۆسەکە زیاتر دەکات و ئەوەش هەوڵێک دەبێت بۆ ڕێگریکردن لەپێشێلکارییەکان.