گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاتوچۆى هەولێر چى دەڵێت؟

غەرامەى ئۆتۆمبێلى ژمارە هەولێر لە سلێمانی تۆمار دەکرێت؟

2021.05.26 - 15:10
App store icon Play store icon Play store icon
غەرامەى ئۆتۆمبێلى ژمارە هەولێر لە سلێمانی تۆمار دەکرێت؟

ناس کورد-

لەسەر تۆمەتبارکردنى بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆى سلێمانى بە تۆمارنەکردنى غەرامەى سەرپێچى ئۆتۆمبێلى ژمارە هەولێر، هاتوچۆى سلێمانى هاتە دەنگ و دەڵێت ئەو بابەتە دوورە لەڕاستییەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گشتى هاتوچۆى شارى سلێمانى ئەمڕۆ چوارشەممە (26ى ئایارى 2021) بە "ناس کورد" ى ڕاگەیاند، "ئەوە دوورە لەڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکى نییە، هەموو سزادانێک بێ جیاوازى ژمارەکان تۆمار دەکرێت تەنانەت لە کامێراکانى چاودێریشەوە هیچ حاڵەتێکى لەو شێوەیە نییە".

 

وتیشى، "هیچ شتێکى لەو شێوەیە لەئارادا نییە و سیستمى کارکردنى ئێمەش بەو شێوەیە نییە، هەموو بەڵگە و داتا تۆمارکراوەکان لەبەردەستماندایە کێ بیەوێت لێکۆڵینەوە بکات و جیاوازى ناکرێت لەغەرامە و سزا".

 

جەختیشیکردەوە، هیچ فەرمانێکى فەرمى و نافەرمیان پێنەکراوە بەنەکردنى غەرامە بۆ ژمارەى هەولێر و دهۆک و جیاوازیکردن لە جێبەجێکردنى ئەو یاسایەدا.

 

لەبارەى ئەگەرى بوونى هەمان حاڵەت لە شارى هەولێر، فازڵ حاجى، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پۆلیسى هاتوچۆى شارەکە بە "ناس کوردى " ڕاگەیاند، "هیچ بڕیارێک لەئارادا نییە بۆ ئەوەى غەرامە بۆ سەرپێچیە ئۆتۆمبیلەکانى ژمارە سلێمانى لەشارى هەولێر تۆمار نەکرێت".

 

جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە، بڵاوکردنەوەى ئەو دەنگۆیانە چ لەسەر ئۆتۆمبێلى ژمارە هەولێر یا سلێمانى هۆکارە بۆ زۆربوونى ڕوداوەکان "چونکە ئەوە ناڕاستە و بەهاوڵاتیان دەوترێت تۆ بڕۆ سەرپێچى بکە و سەرپێچیەکانیش تۆمار ناکرێت و لەدەرئەنجامیشدا ئەوە ڕوداوى نەخوازراوى لێ دەکەوێتەوە".

 

دوێنێ سێشەممە بەهمەن کاکە عەبدوڵا، بڕیاردەرى فراکسیۆنى پەرلەمانى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان هاتوچۆى سلێمانى تۆمەتبارکرد بەوەى تۆمارى سەرپێچى بۆ ئۆتۆمبێلى ژمارە هەولێر نانوسن، لەبەر ئەوەى پارەى غەرامەکەى دەچێتەوە بۆ هەولێر.

 

قسەکانى ئەو پەرلەمانتارە هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونى شەڕى راگەیاندن لەنێوان پارتى و یەکێتیدا بەهۆى دواکەوتنى موچەى ئەم مانگەى فەرمانبەرانەوە.

 

پارتى یەکێتى تۆمەتبار دەکات بەوەى داهاتى سلێمانى نەگەڕاندووەتەوە بۆ حکومەت، ئەوەش بە هۆکارى دواکەوتنى موچە دادەنێت، یەکێتیش حکومەت تۆمەتبار دەکات و جەخت لە رادەستکردنى داهاتى سلێمانى دەکاتەوە.