ناس کورد-
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بریتییە لە "خستنەڕووی بابەتی داهاتی ناوخۆییەکان و ڕادەی پابەندی وەزارەتەکانە لەم بارەیەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی هەرێم ئاشکرای کرد، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە (26ی ئایاری 2021) کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: خستنەڕووی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای چاکسازیی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان.
دووەم: خستنەڕووی بابەتی داهاتی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردن و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و سەرچاوەکانی، و ڕادەی پابەندی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە.
سێیەم: خستنەڕووی بابەتی پێداچوونەوەی ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە بەڕێزیان سەرپەرشتیاری لیژنەی تایبەت بەم بابەتەن.
چوارەم: خستنەڕووی دوو پڕۆژە یاسا کە لەلایەن بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پرۆژە یاسایانە خراونەتە بەردەم بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران:
- ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠١٠).
- ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان - عێراق)
فەرمانگەی میدیا و زانیاری