ناس کورد-
لەبارەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆی، بەڕیوەبەری گشتیی شارەوانەکانی گەرمیان ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون کارێکی نایاسایی بۆ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بکەن، لەسەر سکاڵای ئەو ئەندامە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، دەشڵێت، بەهەموو شێوەیەک ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئایاری 2021، دادوەری دادگای دەستپاکیی گەرمیان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەرزان عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەكانی گەرمیان دەرکرد و سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریش ماوەی دوو ڕۆژە راگیراوە.
لەوبارەیەوە بەرزان عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان (سێشەممە 25ی ئایاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "فەرمانی دەستگیرکردنەکەم لەسەر سکاڵای کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە و جگە لە من سکاڵای لەسەر سەرۆکایەتی شارەوانەی ناحیەی ڕزگاریش تۆمارکردووە."
ڕوونیشیکردەوە، "ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ماوەیەکە سەرۆکی شارەوانی ڕزگاریی تەنگەتاو کردووە بۆ ئەوەی زەوی بدات بە خاڵۆیەکی بۆ ئەوەی بیکات بە کارگە و کۆگا، بەڵام ئەو ڕازی نەبووە ئەو کارە بکات چونکە نایاساییە."
وتیشی، "ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکی شارەوانی ڕزگاری پەیوەندی پێوەکردم و وتی، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی فشار دەکات بۆ ئەوەی ئەو زەوییەی پێبدەن بە بڕیاری ژمارە 64، بەڵام ئەو بڕیارە لای ئێمە کاری پێ ناکرێت و بۆیە زەوییەکەمان پێنەدا."
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان باسی لەوەشکرد، "بە گشتی دوای ئەوەی زەوییەکەمان پێنەدا، وەک فشارێک سکاڵای لەسەر تۆمارکردووین و ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە."
جەختیشیکردەوە، "نەک فەرمانێک 10 فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەربچێت لەژێر هیچ فشاری هیچ کەسێکدا کاری نایاسایی بۆ کەس ناکەین."
باسی لەوەشکرد، "لە 10ی ئەم مانگەدا لەلایەن دادگاوە ئاگادارکرامەوە لە فەرمانەکە، بەڵام من بەڕێوەبەری گشتییم بە نوسراوێک وەزارەتی شارەوانیم لەوە ئاگادارکردەوە بۆ ئەوەی چ بڕیارێک بدەم، بەڵام تا ئێستا وەڵامم نەدراوەتەوە هەر بۆیە نەچوومەتە بەردەم دادگا و دادوەریش چاوەڕوانی ئەوەی نەکردووە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووم."
جەختیشیکردەوە، "من بەهەموو شێوەیەک ئامادەم بچمە بەردەم دادگا، کەسێک ئامادە نییە بچێتە بەردەم دادگا کە لە خۆی بەگومان بێت و گەندەڵی کردبێت."