ناس کورد-
پارێزگای هەڵەبجە لەبارەی دەنگۆی نەگەڕانەوەی داهاتی پارێزگاکە بۆ حکومەت ڕوونکردنەوە دەدات و جێگری پارێزگار ڕایگەیاند، ئاگایان لە یەک دیناری داهاتی پارێزگاکە نییە، دەشڵێت، بەهۆی ناکۆکی یەکێتی و پارتییەوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ و باجی دەرمات دروست ناکرێن و نازانن داهاتەکە چۆن دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئایاری 2021، لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان پرسی داهاتی پارێزگاکان گرژی لە دانیشتنەکەدا دروست کرد و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دەڵین، سەرجەم داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ناگەڕێنەوە بۆ حکومەت.
لە دانیشتنەکەدا پێشەوا هەورامانى وتەبێژى فراکسیۆنی پارتی ئاماژەى بەوەکرد، تا ئێوارەى دوێنێ 30%ی داهاتى دوو پارێزگا رەوانەى حکومەت کراوە، بۆیە خشتەى موچە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
لەوبارەیەوە کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "تائێستا وەک پارێزگای هەڵەبجە ئاگامان لە یەک دیناری داهاتەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە نییە."
وتیشی، "داهاتی دەروازەی تەوێڵە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و داهاتی دەروازەی پشتە-ش دەگەڕێتەوە بۆ گەرمیان، بۆیە ئاگامان لێ نییە داهاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی یان لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دەمێنێتەوە."
جێگری پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە کە وەک پارێزگای هەڵەبجە نە بەڕێوەبەرایەتی گومرگمان هەیە نە بەڕێوەبەرایەتی باجی دەرامەتمان هەیە، هەرچەندە لەم کابینەیە و لە کابینەی پێشووشدا دووجار فەرمانی دروستکردنی ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە دەرکراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە."
"پرسیاریشمان کردووە سەبارەت بە داهاتەکان، بە وتەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ سەرجەم داهاتەکان دەگەڕێنەوە وەزارەتی دارایی، بەڵام ئێمە نازانین چۆن." کاوە عەلی وای وت.
سەبارەت بە پێکنەهێنانی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ و باجی دەرامەت، جێگری پارێزگاری هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە بەهۆی کێشەی سیاسیی پارتی و یەکێتییەوە تائێستا دروست نەکراون."
لە چەند مانگی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو 25ی مانگێک بە لێبڕینی 21% دەستی بە دابەشکردنی موچە دەکرد و ڕۆژانە موچەی چەند وەزارەتێک دابەش دەکرا، بەڵام بۆ ئەم مانگە، کە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی موچە کرا، لەماوەی دوو ڕۆژدا تەنها موچەی یەک وەزارەت دابەش دەکرێت.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە "ناس کورد"ی وت، بەهۆی نەبوونی پارەى پێویستەوە لیستی دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان ڕانەگەیەنراوە، بەڵام دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت.