ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی پارەى پێویستەوە لیستی دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان ڕانەگەیەنراوە بەڵام دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەکە (25ی ئایاری 2021) بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی سیولەی نەقدی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان ڕانەگەیەنراوە بەڵام دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و ڕاناگیرێت.
سەبارەت بەوەی ئایا وەکو مانگەکانی پێشوو تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرێت، سەرچاوەکە وتی، "ناتوانین بەڵێن بدەین، بەڵام هەوڵ هەیە کێشەکە چارەسەر بکەین".
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی وەزارەتی دارایی بۆ "ناس کورد" وتی "چاوەڕواندەکرێت تاوەکو بەیانی کێشەی سیولە چارەسەر بکرێت و لیستی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی تر ڕابگەیەنرێت".
وەزارەتى دارایی حکومەتی هەرێم ڕۆژی دووشەممە دەستپێکردنی مووچەی ڕاگەیاند و جیاواز لە مانگەکانی پێشوو بەهەمان شێوازی چوار مانگ پێش ئێستا دابەشکردنی مووچەی تەنها وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیاند ئەویش لەماوەی 2 ڕۆژدا.
تائێستا وەزارەتى دارایی هیچ ڕوونکردنەوەیەکى نەداوە لەو بارەیەوە، هەروەها دیار نییە پێش کۆتایی ئەم مانگە موچەى سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت یاخود نا.
ئەوەى لە سیستمى ئەم مانگەدا جێگیرە بۆ دابەشکردنى موچە، تەنها ئەوەیە کە بەلێبڕینى 21% دابەشدەکرێت، هاوشێوەى مانگەکانى پێشوو.
لاى خۆیەوە، حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی بۆ ناس کورد وتی، "لێبڕینی موچە بەهەمان شێوەی مانگی پێشوو 21% دەبێت و بۆ پلە باڵاکان 50% دەبێت".
بەپێی بڕیارى حکومەتى هەرێم، ماوەى چوار مانگ موچەى فەرمانبەران لەنێوان 25-30 ى مانگدا دابەشکرا و هەر 30 رۆژ جارێک موچە دابەشکرا.
حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچە بە لێبڕینى 21% پێویستى بە پێویستی بە 707 ملیار دینارە و بەوتەى بەرپرسانى حکومەت داهاتى ئێستا بەشى ئەوەناکات موچەى تەواوەتى دابەشبکرێت.