گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتى ’’هێڵى سور و دەرفەتى تێپەڕاندنى دەستور’’ ئاشکرادەکات

2021.05.25 - 10:11
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتى ’’هێڵى سور و دەرفەتى تێپەڕاندنى دەستور’’ ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی سیستمى پەرلەمانى لەدەستوردا وەک هێڵى سورى حزبەکەى دیاریکرد و دەڵێت هەڵوێستیان لەو بارەیەوە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرید ئەسەسەرد ئەمڕۆ سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمریکا وتى "ئێمە پێمانوایە دەستور زۆر پێویستە هەرچەندە درەنگە بەڵام ئێستاش بکرێت زۆرباشە، هەرێم ماوەیەکی زۆر هەوڵیدا بەڵام کۆمەڵێک کێشە هەبوون کە ڕێگربوون ئێستا ڕەنگە دەرفەتێک هەبێت بۆ تێپەڕاندنی."

 

وتیشى یەکێتی لەبارەی سیستمی حکومڕانی هەمان بۆچوونی جارانی هەیە،"پێمانوایە چاکترین سیستەم ئەو سیستەمەیە کە لەعێراقدا هەیە کە پەرلەمانییە، شتێکی شاز و شتێکی نەگونجاو دەردەچێت ئەگەر سیستەم لە هەرێم نەگونجاو بێت لەگەڵ سیستەمی سەرەکی ناوەندا".

 

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە پەیوەندی و کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان کاریگەری نیە لەسەر پرسی دەستور، دەڵێت "دەتوانین مەسەلەکان لێک جیا بکەینەوە بەدڵنیاییەوە هەندێک سارد و سڕی لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا هەیە زیاتر لەنێوان یەکێتی و پارتی ئەو ساردوسڕیە هەیە بەڵام ڕەنگە ئەمە نەبێتە ڕێگر لەوەی هەردووکیان کاربکەن لەگەڵ حیزبەکانی تر بۆئەوەی دەستورێکی گونجاو تێپەڕێنن بەڵام دەبێت خۆیان ڕەزامەندبن بەو دەقەی کە لیژنەکە پەسەندی دەکات."

 

فەرید ئەسەسەرد لە بارەی هێڵی سوری یەکێتی لە پرسی نوسینەوەی دەستوردا وتى "دەستورێکی مەدەنی و دیموکراتیمان دەوێت کە گونجاو بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی هەرێم، لەڕووی سیستەمی سیاسیەوە پێمان باشە دەستورەکە پەرلەمانی بێت واتە نەسەرۆکایەتی بێت و نە نیمچە پەرلەمانی بێت."

 

هەروەها لەبارەى ئەوەی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکان چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر یەک هەڵوێستیان  لەسەر پرسی دەستور؟ فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "له‌گه‌ڵ گۆڕان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌مان هێشتا باس نه‌کردووه‌ به‌ڵام یه‌ک سه‌رچاوه‌مان هه‌یه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا کاتی خۆی ئێستا له‌ت بوین و بوینه‌ته‌ دوو له‌به‌رئه‌وه‌ له‌زۆربه‌ی زۆری مه‌سه‌له‌کان که‌ بوینه‌ته‌ دوو حیزب زۆر لێک نزیکین و پێم وانییه‌ کێشه‌یه‌کمان هه‌بێت، بەتایبەت له‌تێڕوانیین سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی سیسته‌می په‌رله‌مانی. "