ناس کورد-
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق "نیگەرانى و مەترسییەکان" لەبارەى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە رەتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە کە پێشمەرگە ناگەڕێتەوە ناوچە جێناکۆکەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رۆژنامەى فەرمى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەزارى تەحسین خەفاجى وتەبێژى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە گواستییەوە، سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش لەنێوان بەغدا و هەرێم، بۆ هەماهەنگییە لەنێوان هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە لە بوارى ئاسایش و ئاڵوگۆڕى زانیارى لەبارەى تیرۆریستان و شوێنەکانیان بەمەبەستى بنەبڕکردنیان.
وتیشى سەنتەرەکان لەشەش شوێن تا ئێستا کراونەتەوە، لەبەغدا و هەولێر و کەرکوک و دیالە و مەخمور و کەسک و سەنتەرەکان لەلایەن سوپاوە بەڕێوەدەبرێن.
خەفاجى جەختیکردەوە هێزەکانى پێشمەرگە لەو ناوچانە بونیان نییە.
لەدواى رووداوەکانى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017ەوە سنورى ناوچە جێناکۆکەکان وەک بۆشایی ئەمنى نێوان هەرێم و بەغدا ماونەتەوە، بەوتەى فەرماندە سەربازییەکان ئەوەش دەرفەتى بۆ داعش و گروپە چەکدارەکان رەخساندووە کە خۆیان رێکبخەنەوە و دەست بە جموجۆڵ بکەن.
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتى بەرگرى عێراق ( 24ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ" ناس کورد"ڕایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی باس لە پێکهێنانی لیوای هاوبەش دەکەن لەنێوان هێزەکانیی پێشمەرکە وسوپای عێراق بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە دوورن لەڕاستییەوە، لەئێستادا هیچ پرۆژەیەکی لەو شێوەیە لە ئارادا بوونی نییە".
وتیشى، "سوپای عێراق هەماهەنگییەکی بەهێزی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە لە زۆر بواردا، وەک زانیاریی هەوڵگریی، ئەمنیی، لۆجستی و پاراستنی سنورەکان و بەرنگاربوونەوەی گروبە تیرۆرستییەکان و چەکدارانیی داعش".
خەفاجی جەختیکردەوە، ئەو هەماهەنگیانە تەنها لەڕێگەی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەکرێت لە هەولێر و بەغدا، لە ئێستادا ژمارەیەک ئەفسەری پێشمەرگە ئەندامن لەژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا و ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی بەرگریی عێراقیش ئەندامن لەژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە هەولێر.
لەبارەی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک وجێگیرکردنیان لەسەربازگەی (کەی وەن) خەفاجی وتی "ئەو هەواڵە ڕاست نییە وهیچ پێشنیارێکی لەو شێوەیە تاوتوێی نەکراوە".
باسى لەوەشکرد، هێزەکانی پێشمەرگە هێزێکی عێراقین و دەستور ڕێگەی پێداوە و لەژێر چەتری سیستمی بەرگریی عێرقدان، شان بەشانی سوپای عێراق ڕوبەڕوی داعش بوونەتەوە، هیچ نامۆ نییە کە لەهەر شوێنێکی عێراقدا ئەرکیان پێی بسپێرێت.