گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى ڕوونکردنەوە دەدات

کەڕووى ڕەش.. پەتا ’’کوشندەکەى هيندستان’’ گەیشتە سلێمانى

2021.05.24 - 21:47
App store icon Play store icon Play store icon
کەڕووى ڕەش.. پەتا ’’کوشندەکەى هيندستان’’ گەیشتە سلێمانى

ناس کورد-

توشبوویەکى کۆرۆنا لە سلێمانى دواى چاکبوونەوەى نیشانەکانى کەڕووى ڕەشى لەسەر دەرکەوتووە کە ماوەیەکە بەشێوەیەکى بەرفراوان لە هیندستان بڵاوبووەتەوە و بە "کوشندە" دادەنرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پەتاى کەڕووى ڕەش (20ى ئایارى 2021) بڵاوبوونەوەى لە هیندستان ڕاگەیەنرا، کە توشى بەشێکى زۆر لە توشبووانى کۆرۆنا بووە و ڕێژەى مردنى گەیاندووەتە ئاستێکى بەرز و هۆکارەکەشى بۆ چارەسەرێکى کۆرۆنا دەگەڕێنرێتەوە.

 

هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستیی سلێمانى ئەمڕۆ دووشەممە بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، ئەو کەسە کە پیاوێکى بەساڵاچووە و عەرەبە، لە نەخۆشخانەى شار خراوەتە ژێر چارەسەرى تەندروستییەوە و نیشانەکانى کەڕووى رەشى لەسەر دەرکەوتووە.

 

وتیشى، کەڕووى ڕەش یەکێکە لە ماکەکانى کۆرۆنا، ئەو توشبووانەى بەرگرى لەشیان زۆر لاوازە و نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە دواى چاکبوونەوەیان ئەگەر هەیە توشى کەڕووى ڕەش بن.

 

هێرش سەلیم ڕوونیکردەوە، کەڕووى ڕەش کار لەسەر سنگى نەخۆشەکە دەکات و بەپشکنینى تیشکى و نیشانەکانى دەدۆزرێتەوە، بەڵام ناگوازرێتەوە لەکەسێکى ترەوە بۆ کەسێکى تر، ئەو جۆرە ماکە لە هەموو ڤایرۆسێکدا ئەگەر هەیە رووبدات.

 

دەشڵێت، مەرج نییە ئەو ماکە تایبەت بێت بە کۆرۆنا، بەڵکو هەر کاتێک سیستمى بەرگرى جەستە زۆر دابەزێت ئەگەر هەیە توشى خەڵک ببێت.

 

هێرش سەلیم باسى لەوەشکرد، پیاوەکە لەدوێنێ یەکشەممەوە خراوەتە ژێر چارەسەرەوە و دۆخى باشتر بووەو نیشانەکانى کەم بووەتەوە.

 

پەتاى "کەڕووى ڕەش" بەهۆى چەند بوونەوەرێکەوە دروست دەبێت کە پێیان دەوترێت Mucorales کە لە ڕێگەى هەناسەدان و پێستەوە دەتوانن بچنە جەستەى مرۆڤەوە، بەشێوەیەکى سروشتى لە خۆڵ و ماددەى ئۆرگانى شیبووەوەدا هەن، هەرکاتێکیش چووە ناو جەستەوە دەتوانن گیرفانە هەواییەکانى پشتى لوت و ئێسکى کوڵمەکان نێوان چاوەکان و ددانەکان تووش بکەن.

 

بەپێی ئاژانسى فرانس پرێس، لەئێستادا هەزارەها کەس لە هیندستان تووشى پەتاى "کەڕووى بۆگەن" بوون کە بە "کەڕووى ڕەش" ناسراوە و لە بارودۆخى ئاساییدا زۆر دەگمەنە، پزیشکان باس لەوەدەکەن چارەسەرێک کە پێى دەوتریت "ستیرۆید" و بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت هۆکارى بڵاوبوونەوەى "کەڕووى ڕەش"ە و لە ئێستادا مەترسى لەسەر توشبووانى کۆرۆنا دروست کردووە.



بەپێى زانیارییەکان، پەتاکە لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا دەبێتە هۆى گیانلەدەستدانى زیاتر لە 50%ى توشبووان، هەندێک جار بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى بە جەستەدا پزیشکانى نەشتەرگەر هەردوو چاو و شەویلگەى سەرەوەى نەخۆشەکە دەردەهێنن.



لاى خۆیەوە ئارڤیند کیجریوال، سەرۆک وەزیرانى هیندستان ئاماژەى بەوەداوە، لە 3 نەخۆشخانە بەشى تایبەت بە پەتاکەى دروست دەکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەى زیاترى توشبووان، بەڵێنیشیدا کە توشبووان دەرمان و چارەسەرى پێویستیان بۆ دابین بکرێت، کە ئێستا سیستمى تەندروستى هندستان بەدەست کەمى دەرمان و چارەسەرەوە دەناڵێنێت، بەهۆى ئەو پەستانە زۆرى کۆرۆنا دروستى کردووە. 



لەئێستادا زیاتر لە 200 نەخۆشى پەتاى "کەڕووى ڕەش" لە نەخۆشخانەکانى نیودەلهین و دەیان کەسى تر سەرەیان بەستووە بۆ گرتنى قەرەوێڵە، هەردوو ولایەتى "ڕاجستان" و "تیلانگانا" بەدەست پەتاکەوە دەناڵێنن و تێیاندا بڵاوبووەتەوە، هەروەها ولایەتى "ماهاراشترا" بە تەنها خۆى توشبوونى زیاتر لە 2000 کەسى ڕاگەیاندووە.


پزیشکان باس لەوەدەکەن، بەهۆى زۆرى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا و پەلەکردن و زۆر بەکارهێنانى "ستیرۆید"ەکان پەتاکە بڵاوبووەتەوە، ئەوانەشى زیاتر مەترسى توشبوونیان هەیە، ئەو توشبووانەى کۆرۆنان کە نەخۆشى شەکرە و لاوازى سیستمى بەرگرییان هەیە، ژمارەیەک دەرمانى چارەسەرى توشبووانى کۆرۆناش دەبنە خۆى ڕێگەگرتن لە سیستمى بەرگرى کە شەڕى دژى پەتاکە بکات، وڵاتى هیندستانیش بەرزترین ڕێژەى نەخۆشى شەکرەى تێدایە لە جیهاندا.