ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو نەخۆشەی لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەولێر هێڵرابوویەوە گواستراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی حکومی و نەخۆشخانە تایبەتەکە لە تەواوی خەرجییەکانی خۆش بوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەڵێت، دوابەدوای بەدواداچوونی دەستبەجێ و پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەتی لێکۆینەوە بە ئامادەبوون و چاودێریکردنی دادوەر و نوێنەری داواکاری گشتی و سەرپەرشتی بەڕێز وەزیری تەندروستی سەبارەت بەو نەخۆشەی كە لە یەكێك لە نەخۆشخانە تایبەتەكانی شاری هەولێر دوای نەشتەرگەری و وەرگرتنی چارەسەر گوایە لەبەر نەدانی پارە ڕێگری لێدەكرا لە چوونە دەرەوە، دوای سەردانیكردنی لێژنەكانی پشكنین و بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری سەلمێنراو لەسەر ئەم كێشەیە و لێکۆڵینەوەکردنی یاسایی و مەیدانی لەم بابەتە، دەرەنجام گەیشت بەم ئەنجامانەی خوارەوە:
1- نەخۆشخانە ژیانی نەخۆشەكەی لە مەترسی رزگار كردووە و خزمەتێكی باشی نەخۆشەكەی كردووە لە ڕووی چارەسەر و ئەركی نەخۆش، وە لەبەر وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەكە ماوەتەوە چونكە سەرەڕای نەشتەرگەری و تێكچونی باری تەندروستی، هەر خۆی نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە بۆیە پێویست بووە تا ماوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
2- خزمەتگوزاری پزیشکی بەشێوەیەكی ڕێكوپێك پێشكەش بە نەخۆش كراوە، نەخۆشخانە درێغی نەكردووە لەمە، دوای بینینی کامێڕای چاودێری نەخۆشخانە ئەوەی كە دەگوترا بە دانانی پاسەوان و نەخۆش زیندانی كراوە دوورە لە ڕاستی.
3- دوای باشبوونی باری تەندروستی و لەسەر داوای نەخۆش و لەبەر باری دارایی نەخۆش گواستراوەتەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانە حكومیەكان، دوای ئەوەی جارێکی تر رازینەبووە لەوێ بمینێتەوە دووبارە گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەی ناوبراو.
4- نەخۆشخانە لە تەواوی خەرجی نەخۆشەكە خۆشبووە جگە لەو پارەیەی سەرەتا لە نەخۆشەكە وەرگیراوە بەمەبەستی نەشتەرگەری و هیچ كەس و لایەنێكی دیکە پارەی بۆ نەخۆشەكە نەداوە تا ئێستاش.