ناس کورد-
بەگوێرەی سەرچاوە کەشناسییەکانی هەرێم، شەپۆلێکی دوو ڕۆژەی بارانبارین و هەورەبروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرمیش نزم دەبنەوە، هاوکات هۆشداریش لە ڕوودانی هەورەبروسکەی بەهێز دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی (یەکشەممە 23ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، "لە رۆژی سێشەمەوە 25ی ئایارەوە پێشبینی دەکرێت ھەرێمی کوردستان بکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی مامناوەندی دەریای ناوەراست و شەپۆلێکی تاو تاوی بارانبارین و ھەورە بروسکە ناوچەکە دەگرێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " لە ھەندێک کات و ناوچەشدا تاوە بارانی بەلێزمە و تەرزەی لەگەڵ دەبێت و کاریگەری زیاتر دەبێت لەسەر ناوچە شاخاوییەکانی سنوری ( دھۆک ، ھەولێر ، راپەرین ) بەرادەیە کەمتریش لەناوچەکانی سنوری ( سلێمانی ، ھەڵەبجە ، کەرکوک ) کاریگەری دەبێت."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " لە رۆژی چوارشەممە 26ی ئایار، کاریگەری ئەو شەپۆلە بەردەوامی دەبێت و پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی زیاتر و بە تێکرای 4 بۆ 5 پلەی سیلیزی روو لەنزمبوونەوە دەکەن، بەم ھۆکارەش کەش تا رادەیەک لەناوچە بەرزەکاندا فێنک دەکات لەو مەودایەدا ."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھۆشداری دەدەین لە ڕوودانی ھەورە بروسکەی توند بۆ سەلامەتی خۆتان لەکاتی چالاکبوونی ھەورە بروسکەدا لە نزیک دار و شوێنە بەرزەکاندا مەوەستن، بەتایبەت دانیشتوانی سنورە شاخاوییەکان."