ناس کورد-
دەستەی گشتیی بۆ چاودێری چاپ و بڵاوکردنەوەی قورئان لە وەزارەتی ئەوقافی وڵاتی کوەیت ڕەتیکردەوە، ئەو چاپی قورئانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و دەرکەوتووە ناتەواوە و سورەتی (النساء) تێدا نییە، لەلایەن دەستەکەی ئەوانەوە چاپ کرابێت و دەشڵێت، بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەئەوانەوە نییە و ئەو کارە بەمەبەست کراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موبارک حەیان، وتەبێژی دەستەکە ( 22 ئایاری 2021) بەرۆژنامەی " ئەرم"ی ڕاگەیاندووە، "چاپکردن یان دەرکردنی قورئانی پیرۆز و پێداچوونەوە بە قورئاندا بەپێی باشترین و دروسترین تایبەتمەندی تەکنیکی دەکرێت".
وتیشی، "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە، دەمانەوێت بزانین ئەو کۆپییەی قورئانە چۆن بەبێ سورەتی ( النساء) ژن، هاتووەتە ناو خاکی کوەیتەوە، نوسینگەی داواکاریی گشتی ڕێکاری پێویستی لەبارەی ئەو پرسەوە گرتووەتەبەر".
پرسی کۆپی قورئانەکە لەلایەن هاووڵاتییەکەوە وروژێنرا کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە تەنها دەنگی دەرکەوتبوو، ئاماژەی بەوەکردبوو، کۆپییەکی قورئانی دەستکەوتووە کە بەناتەواوی چاپکراوە و سورەتی (النساء)ی تێدا نییە وهیچ ئاسەوارێکی بڕینی کاغەزەکانیشی لێ دیارنییە".
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکە نوسینگەی داواکاریی گشتیی کوەیت فەرمانیکرد بە گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستەکان بەرامبەر بەو کەسانەی کە بەمەبەست ئەو کۆپییە ناتەواوەیان بردووەتە ناو خاکی کوەیت و بڵاویانکردووەتەوە.