گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی بخوێنەرەوە

’’وەڵامی پرسیارە باوەکان لەسەر پەردەی کچێنی’’

2021.05.22 - 22:14
App store icon Play store icon Play store icon
’’وەڵامی پرسیارە باوەکان لەسەر پەردەی کچێنی’’

ناس کورد-

پزیشکێکی پسپۆڕی دادوەری لە نوسینێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی باوی تایبەت بە پەردەی کچێنی دەداتەوە و دەڵێت، پەردەی کچێنی دوو جۆر کێشە دروست دەکات، هەم کۆمەڵایەتی و هەم تەندروستی، وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە کە ئایا لە شەوی هاوسەرگیری مەرجە تەنها خوێن ببینیت؟.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

د. دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری (شەممە 22ی ئایاری 2021) لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی بەمشێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بە پەردەی کچێنی داوەتەوە:

 

پرسیارە باوەکان لەسەر پەردەی کچێنی:

 

چەند جۆر پەردەی کچێنی هەیە؟

 

وەڵام/زۆر جۆر هەیە و دابەشکردنیان بە پێی کرانەوە و ئەستووری و لێواری پەردەکەیە.

 

- پەردەی کچێنی چ جۆرە کێشەیەک دروستدەکات؟

 

وەڵام/دوو جۆر کێشە دروستدەکات:

 

+ کێشەی کۆمەڵایەتی: لە سێ جۆر پەردە ڕوودەدات جۆری لاستیکی(مەتاتی)، جۆری شریتی و هەندێک جار جۆری کرانەوەی گەورە).

 

+ کێشەی تەندروستی: جۆری قەپات و جۆری کرانەوەی تەسک. جۆری قەپات کێشە دروستدەکات کە کچ دەگاتە تەمەنی هەرزەکاری و کاتی بێ نوێژی بەڵام جۆری کرانەوەی تەسک یان بچوک ڕێگر دەبێت لە پرۆسەی هاوسەرگیری.

 

-بچمە کوێ بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی؟

 

وەڵام/ تەنها لای پزیشکی پسپۆری دادوەری.

 

- نامەوێت کەس بزانێت و پۆلیس بزانێت فەحسم کردووە، چۆن ئەوە بکەم؟

 

وەڵام/ تەنها لای لێکۆلەوەری دادییەوە دێتە لای پزیشکی دادوەری ئێمەش ڕاپۆرتت دەدەینێ، ئیدی تۆ ئازادیت دەیکەیتە سکاڵا یان نا . بەهیچ شێوەیەک کەس بۆی نییە بۆت بکاتە سکاڵا جگە خۆت. ئەو ڕاپۆرتەش بۆ ئەوەیە وەڵامێکت پێ بیت فەرمی بێت. کەواتە کە ناوی لێکۆلەوەری دادی دیت هیچ ترسی ناوێت و نابێتە سکاڵا و تەنها خۆت بەرپرسی لە کەیسی خۆت.

 

-  لەشەوی هاوسەرگیری مەرجە تەنها خوێن ببینیت؟

 

وەڵام/نەخێر مەرج نییە خوێن ببینی، هەندێک جۆرە پەردە هەر لە بنەڕەتەوە خوێن نابینی وەک مەتاتی و شریت و هەندێکجار لە کرانەوەی بەرین. هەندێکی تر تەنها زەرداییەک دەبینی، زۆر جار ئەو زەرداییە بزر دەبێت و هەر هیچ هەستی پێ ناکات.

 

-  پەردەی کچێنی مەتاتی (لاستیکی)نەشتەرگەری دەوێ؟

 

وەڵام /نەخێر هیچ جۆرە پەردەیەک نەشتەرگەری ناوێت تەنها جۆری کرانەوەی تەسک نەبێت، ئەویش بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی هاوسەرگیرییە.

 

هەروەها جۆری قەپات ئەویش بۆ بینینی سوڕی مانگانە.

 

- پەردەی کچێنی جۆرئ مەتاتی ڕێگرە لە منداڵ بوون؟

 

وەڵام/نەخێر هیچ پەیوەندی نییە ئەویش لادەچێت بەیەکەم منداڵ بوون بەشێوەی سروشتی، واتا ئەگەر بە نەشتەرگەری منداڵی ببێت ئەوا پەردەی کچێنی هەر دەمێنێت.

 

-پەردەی کچێنی تەنها بە سێکس کردن دەڕوات؟

 

وەڵام/نەخێر زۆر جار زەبری دەرەکی گەورەش دەبێتەهۆی لەناوبردنی پەردەی کچێنی .

 

- دەتوانم ڕاستەوخۆ نەشتەرگەری پەردەی کچێنی بکەم لای پسپۆری ئافرەتان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی هاوسەرگیری؟

 

وەڵام/ نەخێر هیچ پزیشکێک لەڕووی یاساییەوە بۆی نییە نەشتەرگەری بکات بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری بێ ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری

------------------------------------------------

د. دیلمان ئازاد خۆشناو

پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری

مامۆستا لە کۆلێجی پزیشکی