گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەندى لە هەرێم جێبەجێ کراون؟

’’پرۆگرامى خوێندنى نییە و مەلەکردن ناچارییە’’.. تايبەتمەندییەکانى سیستمى خوێندنى سویدى چین؟

2021.05.20 - 23:15
App store icon Play store icon Play store icon
’’پرۆگرامى خوێندنى نییە و مەلەکردن ناچارییە’’.. تايبەتمەندییەکانى سیستمى خوێندنى سویدى چین؟

ناس کورد- 

هەموومان یاخود زۆرینەمان گوێبیستى سیستمى خوێندنى سویدى بووین و لە جیهانیشدا چاولێکەرییەکى زۆرى هەیە، ئەوەش سەرەڕاى فزوڵى و چەندین نیشانەى پرسیار لەسەر ئەو سیستمە، ئەوەش بەهۆى سەرکەوتوویى و پێشکەوتویى سیستمەکە، سیستمى خوێندنى هەرێمى کوردستانیش سویدییە، بەڵام ئایا وەک خۆى یاخود چەندى لەو سیستمە دەچێت؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سیستمى خوێندنى سویدى ئەرکى سەرشانى خوێندکار قورس ناکات، تەرکیز لەسەر توانا و بەهرەى منداڵەکە لە ژیاندا دەکات نەک فێرکردنیان بە تیرۆى، سیستمەکە چەندین تیابەتمەندى هەیە هەر لە ڕووى تەمەنى پەیوەندیکردن بەو سیستمە و خواردنى خوێندکار و ئەرکەکانى و نرخى خوێندن و ڕۆژانى ناو خوێندنگا و بەرنامە و پرۆگرامى.



باخچەى ساوایان.. لە هەموو شوێن و کاتێک

 

لە سوید حکومەت باخچەى ساوایانى لە هەموو شوێنێک کردووە و هەموو کاتێکیش کراوەیە، چونکە کارى دایکان و باوکان جیاوازە و هەیە ڕۆژ کار دەکات و هەیە بە شەو، نرخى دانانى منداڵ دیارى کراو نییە و حکومەت بەپێى داهاتى دایک و باوکان بڕە پارەکە دیارى دەکات.



خوێندکاران لە تەمەنى 7 ساڵییەوە دەست پێدەکەن

 

دواى باخچەى ساوایان منداڵان پەیوەندى بە خوێندنگەکانەوە دەکەن و ساڵێکى ئامادەکاریى دەخوێنن، واتا لە تەمەنى 7 ساڵییەوە پەیوەندى بە قۆناغى یەکى سەرەتاییەوە دەکەن، خوێندنى بنەڕەتى لە سوید ناچارییە لە یەکى سەرەتاییەوە تا قۆناغى 9، بۆیە شارەوانییەکان لە سەرجەم کوچە و کۆڵانەکاندا خوێندگەیان کردووەتەوە، تا هەموو منداڵێک بتوانن لە نزیکترین خوێندنگە لەماڵەکانیانەوە دەوام بکەن.

 

پێویستە دایکان و باوکان سوربن لەسەر چوونى منداڵەکانیان بۆ خوێندن، هەر منداڵێک لە ساڵێکدا تەنها دەتوانێت 10 ڕۆژ نەچێت بۆ خوێندنگە و لەوە زیاتر ڕێگە پێنەدراوە، ئەگەر لەو کاتە تێپەڕى کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاگادار دەکرێتەوە  و پەیوەندى بە دایک و باوکانەوە دەکەن و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەى دەکەن، ڕێوشوێنى توندیش بەسەر دایکان و باوکاندا دەسەپێندرێت ئەگەر هۆکارەکەى بێ باکى ئەوان بوو، تەنانەت کار دەگاتە ئەوەى منداڵەکە لە دایک و باوکیان بسێننەوە و بیدەنە خێزانێکى تر تا بەخێوى بکەن.



پرۆگرامى خوێندن نییە

 

یەکێک لە بابەتە سەیرەکان بەلاى هەندێکەوە ئەوەیە کە پرۆگرامى خوێندنى یەکگرتوو لە سوید بوونى نییە، هەر خوێندنگەیەک پرۆگرامى تایبەت بەخۆى هەیە، حکومەتى سوید شارەوانى و خوێندنگەکانى دەستکراوە کردووە بۆ دیاریکردنى پرۆگرامى خۆیان، بەڵام ئەوەش بە ئازادییەکى تەواوەتییەوە نا.

 

حکومەت پێودانگەکانى پرۆسەى خوێندن دیارى دەکات، هەروەها دەرئەنجامى پێویستیش بۆ کۆتایى هەر قۆناغێک دیارى دەکات، بە واتایەکى تر سەرەڕاى ئەوەى پرۆگرامى خوێندن جیاواز بێت، پێویستە ئاستى زانستى خوێندنکاران لە یەک ئاستدا بێت.



هەموو 3 ساڵ جارێک تاقیکردنەوە

 

خوێندکار لە سوید بە 3 تاقیکردنەوەى گشتى نیشتمانیدا دەڕوات، یەکەمیان لە قۆناغى 3 لە مادەکانى بیرکارى و زمانى سویدى، دووەمیان لە قۆناغى 6 لە وانەکانى بیرکارى و زمانى سویدى و ئینگلیزى، سێیەم تاقیکردنەوەش لە قۆناغى 9 لە هەمان ئەو سێ مادە و زانستى سروشت و زانستى کۆمەڵایەتى، تاقیکردەوەکانیش یەکگرتوون و لە هەمان کاتدا سەرجەم تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێن.

 

تاقیکردنەوەکان لە کۆتایى ساڵدا ئەنجام نادرێن، بەڵکو بەسەر ساڵى خوێندندا دابەش دەکرێن، تاقیکردنەوەى زارەکى لەناوەڕاستى وەرزى یەکەمى ساڵى خوێندندا ئەنجام دەدرێت و تاقیکردنەوەى سەر کاغەزیش لە کۆتایى وەرزى دووەمى خوێندن.

 

تاقیکردنەوەى یەکەم و دووەم تەنها بۆ هەڵسەنگاندنە و بۆ دەرچوون و کەوتن نییە، بەڵام تاقیکردنەوە سێیەم کە لە قۆناغى 9دایە چارەنوسسازە، لەسەر ئەنجامى ئەو تاقیکردنەوەیە  ناوەندییەکان کە تایبەتمەندییەکانیان لەنێوان زانستى، پیشەیى و هونەریى جیادەکرێنەوە وەریاندەگرن.



بەبێ پێڵاو

 

لە وردەکارییە سادە جوانەکانى خوێندنگەکانى سوید ئەوەیە، منداڵان کاتێک دەچنە خوێندنگە، پێڵاوەکانیان لە شوێنى تایبت هەڵدەگرن و ڕۆژەکەیان بەبێ پێڵاو بەسەر دەبەن، تەنها کاتێک لەپێى دەکەنەوە کە دەچن بۆ مەلەکردن و یاریکردن.

 

ئەوەش ژینگەیەکى پاکتر بە خوێندنگەکان دەبەخشێت، بەتایبەتى کە منداڵان چەندین چالاکى ئەنجام دەدەن و بە دانیشتن لەسەر زەوى و لە سەرەتاى هەموو ڕۆژێکدا بەشیوەى بازنەیى لەسەر زەوى دادەنیشن.



خواردنى نيوەڕوان لە خوێندنگەیە

 

لە هەر خوێندنگەیەک خواردنگەیەک هەیە کە خواردن بۆ خوێندکاران ئامادە دەکات و هەمووان لەو خواردنگەیە ژەمى نیوەڕۆ دەخۆن، شارەوانییەکانیش دڵنیا دەبنەوە لەوەى کە ژەمەکە هەمەچەشن و تەندروست بێت، سەرەتاى هەموو هەفتەیەک خوێندنگە لیستى ژەمى نیوەڕاوانى هەفتەکە بڵاودەکاتەوە، ئەگەر دەوامیش درێژەى کێشا 2 کاتژمێر دواى خواردنى نیوەڕۆ ژەمێکى سوکى تر ئامادە دەکەن.

 

بۆ ئەوەش هەستیارى لەبەرچاو دەگیردرێت و سەرجەم ئەو خواردنانەى خەڵکێکى زۆر پێى هەستیارن قەدەغە کراون، لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى موسوڵمانانیش شارەوانییەکان ئەوە لەبەرچاو دەگرن کە گۆشت و پێکهاتەکانى بەراز لە خواردنەکاندا بوونیان نەبێت.



مەلەکردن ناچارییە

 

هەزارەها ڕوبار و دەریا لە سوید بوونیان هەیە و کەنار دەریایەکى زۆر و فراوانیشى هەیە، بۆیە سویدییەکان کاتەکانى پشوویان لەو کەنارانە بەسەر دەبەن، هەر لەبەر ئەوەش ڕۆشنبیریى مامەڵەکردن لەگەڵ ئاو لە ژیانى سویدییەکاندا گرنگە، بەتایبەتى کە پەیوەندى بە پاراستن لە مەترسی هەیە.

 

هەر لەبەر ئەوەشە کە حکومەتى سوید لەسەر سەرجەم خوێندکارانى کردووە بە ناچارى کە فێرى مەلەکردن ببن، بۆیە لە قۆناغەکانى سەرەتا پرۆگرامى فێرکردنى مەلە دەخوێندرێن و کاتێک خوێندکار دەگاتە قۆناغى 6 پێویستە بتوانێن 200 مەتر بە مەلە ببڕێت، بە لایەنى کەمەوە دەبێت 50 مەتریان بە پشتە مەلە بێت، بەهۆى ئەوەشەوە سەرجەم گەلى سویدى مەلە دەزانن.



چاودێرى پێش و دواى خوێندنگەش

 

بەهۆى ئەوەى ڕۆژانە کاتى کارکردنى دایکان و باوکان لە کاتى خوێندنى منداڵەکانیان درێژترە، بۆیە حکومەت بەرنامەیەکى بەناوى "کاتى ئازاد"ەوە داناوە، کە لە باخچەیەکى ئاوایان دەچێت بەڵام بۆ خوێندکارە گەورەکان و تەنانەت تا قۆناغى 6ى سەرەتاییش، خوێندکار دەتوانێت لەو کاتەدا لە خوێندنگە بمێنێتەوە تا ئەو کاتەى دایک و باوکیان لە کار تەواو دەبن، هەروەها سەرپەرشتیاریان بۆ دانراوە.

 

لەو ماوەیەدا چەندین چالاکى ئەنجام دەدرێن، زۆرینەى یارى کردن و مەلە و چوونە باخچەکانە، سیستمى کاتى ئازاد دوو کاتژمێر پێش دەستپێکردنى دەوامى خوێندن دەستپێدەکات و 5 کاتژمێر دواى کۆتایى دەوامى خوێندنگە کۆتایى دێت، هەروەها ژەمى سوک بۆ خوێندکاران دابین دەکرێت.



خوێندنگەى تایبەتى بێبەرامبەر

 

سیستمى خوێندنى سویدى بە تەواوەتى بێ بەرامبەرە، شارەوانییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەى هیچ تێچوویەکى لەسەر دایک و باوکان نەبێت و پێداویستییە سەرەتاییەکانى خوێندن دابین دەکەن، هەروەها گەشت و چالاکیش ئەنجام نادرێت تەنها کاتێک نەبێت شارەوانى تێچووەکەى دابین بکات، ئەوەش بۆ ئەوەى دایکان و باوکان ڕووبەڕووى شەرمەزارى نەبنەوە، چونکە کار لە خوێندکارەکەش دەکات.

 

هەروەها هیچ شوێنێکى فرۆشتنى خوردن لە خوێندنگەکاندا نییە، بۆیە خوێندکار پێویستى بە هێنانى پارە نییە، سەرەڕاى ئەوەش خوێندگە تایبەتەکان بۆیان نییە هیچ بڕە پارەیەک لە خوێندکار وەربگرن و شارەوانییەکان هەموو تێچوویەک دابین دەکەن، هەروەها کرێى خوێندنى خوێندنگا تایبەتەکان جێگیرە و کاتێک خوێندنگەیەک ژمارەیەک قوتابى وەردەگرێت ناوەکیانیان بۆ شارەوانی بەرز دەکاتەوە و شارەوانیش بەشێوازى قیست پارەکەیان دەدات، نرخەکانیش لەلایەن شارەوانى خۆیەوە دیارى کراون.

 

دایک و باوکى خوێندنکاران هەموو ئازادییەکیان هەیە بۆ ئەوەى خوێندنى حکومى یاخود تایبەت بۆ منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن، هیچ تێچوویەکیش لەسەریان ناکەوێت، بۆیە خوێندنگە تایبەتەکان تەنها لەسەر کواڵێتى پرۆگرامى خوێندن و باشى خزمەتگوزارییەکان ڕکابەرى دەکەن و هیچ شەڕێک لەسەر نرخ ناکرێت.



سەرجەم خوێندنگاکان "خوێندنى زمانن"

 

زمانى سویدى مادەى سەرەکى خوێندنگاکانى سویدە، زۆر بە چڕى لەسەرجەم ساڵەکانى خوێندن دەخوێندرێت، سەرەڕاى ئەوەش خوێندکار لە قۆناغى سێیەمەوە فێرى ئینگلیزى دەکرێت، زمانەکانى سویدى و ئینگلیزى مادەى سەرەکى تاقیکردنەوە گشتییەکانى قۆناغەکانى 6 و 9ن.

 

سەرەڕاى ئەوەش خوێندکار لە قۆناغى 6 فێرى زمانى تریش دەکرێت، وەک فەرەنسى، ئەڵمانى، ئیسپانى، ڕووسى و زمانى ئاماژە، ئەوانەشى کە کەمینەکانن یاخود لە وڵاتانى ترەوە چوونەتە سوید بۆ نمونە خوێندکارە عەرەبەکان وانەى تایبەتى زمانیان پێ دەوترێتەوە و وانەى تایبەت بە زمانى خۆیان هەیە کە ئەویش هەفتەى یەک جارە.

 

بەپێى ئەو ئەنجامەش، کاتێک خوێندکار لە سوید قۆناغى 9 تەواو دەکات، 4 زمانى جیاواز دەزانێت کە لە خوێندنى بنەڕەتى خوێندنگەوە فێر بووە.