ناس کورد-
دوو سەرکردەى فەڵەستینى پێشبینى ئەوە دەکەن لەماوەى یەک دوو ڕۆژى داهاتوودا ئاگربەست لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا ڕابگەیەنرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موسا ئەبو مەرزوق، جێگرى سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزوتنەوەى حەماسى فەڵەستینى (20ى ئایارى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ کەناڵى "الميادين"ى لوبنانى ڕایگەیاند "لەو باوەڕەدام هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕاگرتنى ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین سەرکەوتوو دەبێت".
ڕوونیشى کردەوە، پێشبینى ئەوە دەکات لەماوەى یەک دوو ڕۆژدا ئەو دوو لایەنە بگەنە ڕێکەوتنى ئاگربەست پەیوەست بەکەرتى غەزە کە ناوچەى پێکدادانەکان لەکەناراوەکان و ناوخۆ ناگرێتەوە.
ئەبو مەرزوق واشى دەبینێت بنیامین ناتانیاهۆى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دووچارى شکستێکى گەورە بووەتەوە و حەماسیش سەرکەوتنى ڕاگەیاندووە.
ئەو سەرکردە باڵایەى حەماس باسى لەوەش کرد، هاوسۆزییەکى بێ پێشینە بۆ پرسى فەڵەستین هاتووەتە ئاراوە و ئەوە ئیسرائیلیشە ئاگربەستى پێباشە.
لاى خۆشیەوە، جوبرەیل ڕەجوب ئەمیندارى لیژنەى ناوەندى بزوتنەوەى فەتحى فەڵەستینى ڕاگەیاند، لەئەنجامى هەوڵەکان بەسەرۆکایەتى میسر دیدێک بۆ ئاگربەست هاتووەتە ئاراوە ڕەنگە لەماوەى 24 کاتژمێرى داهاتوودا بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، پێشبینى کۆتایهاتنى شەڕەکە لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا دەکات و دەشبێت دوولایەنە بێت و هەروەها بەدواى ئەوەشدا دیالۆگى سیاسى بەدوادا دێت.
ئەو سەرکردەیەى فەتح جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەوەى لە 10 ڕۆژى ڕابردوودا ڕوویدا شۆکێکى سەربازى بوو بۆ ئیسرائیل و هەروەها ئەوەشى سەلماند ئەمنیەتى ئیسرائیل بێ مانایە.