گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

پێشبینى دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە هەرێم بکات

2021.05.19 - 19:15
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبینى دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە هەرێم بکات

 ناس کورد-

کەشناسێکی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی گەرما و نمە باران بەدوو قۆڵی و لەیەک کاتدا ڕوو لەهەرێمی کوردستان بکەن و ئاماژە بەوەشدەکات "سبەی پلەکانی گەرما بەراورد بەئەمڕۆ دوو پلەی دیکە بەرزتر دەبنەوە".  

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە هەرێمی کوردستان (19ی ئایاری 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا پێشبینی ئەوەی کردووە کە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا ڕێککەوتی 22ی ئایار، شەپۆلێکی نمە باران ڕوو لەشارەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

 

دەشڵێت "ھەر لەگەڵ کاریگەری ئەو شەپۆلەدا گەرماش روودەکاتە ناوچەکە کە ئەوەش لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەکی لاوازی دەریای ناوەراستەوە سەرهەڵ دەدات".

 

ڕونیشکردووەتەوە "کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ شەو ئاسمانیی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەگەڵ چالاکبوونی گڕە با و ئەگەری دروستبوونی ھەورە بروسکە و نمە باران لەھەندێک کات و ناوچەی سنوریی پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە، دھۆک، ھەولێر و راپەرین، لەناوچە شاخاوییەکانیدا کاریگەری زیاتر دەبێت".

 

 ئاراس جەبار ئەوەشی خستووەتەڕوو "سبەی (پێنجشەمە 20ی ئایار) کاریگەری شەپۆلی گەرما دەستپێدەکات پلەکانی گەرمی بەرێژەی 2 پلەی سلیزی بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ، لەسەنتەری پارێزگاکاندا لەنێوان 38 بۆ 41 پلەی سلیزی دەبێت و لەناوچە نزمەکان و ناوچەکانیی گەرمیان لەنێوان 40 بۆ 43 پلەی سلیزی دەبێت ".