ناس کورد-
ئەندامێکى کۆمیتەى ناوەندى سازمانى خەبات هەوڵێک بۆ ڕفاندنى (بێهزاد مەحمودى) ئەو پەنابەرى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئاشکرا دەکات کە دوێنێ لەبەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان خۆى سوتاند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شۆڕش حاجی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەولێری سازمانی خەبات (19ى ئایارى 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، چەند کەسێک لە کونسوڵخانەی ئێران چوونەتە نەخۆشخانەی ئێمرجنسی هەولێر بەڵام نازانین مەبەستییان چی بووە، ئەو کەسانەش ئێمە دامانناون لە نەخۆشخانەکە بۆ پاراستنی بێهزاد مۆبایلەکانیان لەو کەسانە وەرگرتووە کە ویستویانە بچنە نەخۆشخانەکەو ڕێگەیان نەداوە ڤیدیۆ و وێنە بگرن و دووریان خستوونەتەوە لە شوێنەکە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئێمە دوو پاسەوانمان لە نەخۆشخانەکە بۆ داناوەو ئەوان قسەیان بۆ ئەو کەسانە نەکردووە کە لە کونسوڵخانەی ئێران چوونەتە نەخۆشخانەکەو کە زانیویانە لە کونسوڵخانەوە هاتوون دووریان خستوونەتەوە، ئەوەی نەزانراوە کە بۆچی چوونەتە ئەو نەخۆشخانەیە بەڵام بێگومانین لەوەی کە مەبەستی خێریان نەبووە.
هاوکات ئەرسەلان یارئەحمەدی سەرۆکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبڵاوکراوەیەکدا کە "ناس کورد" بینویەتی دوایین زانیاری لەو بارەیەوە ئاشکرا کرد و وتویەتی "دوو کەس لە ئەندامانی کونسوڵگەری ئێران هەوڵیانداوە کە بچنە ژووری بێهزاد مەحموودی و لەلایەن دوو کەس لە هاوڕێکانی بێهزاد ڕێگرییان لێ کراوە و دوای دروستبوونی گرژی ئەو شوێنەیان بەجێ هێشتووە".
داواشیکردووە، بەرپرسانی نەخۆشخانە و هێزە ئەمنییەکان وریان بن و ئیزن نەدەن لەو دۆخەدا کە بێهزاد باری تەندروستی ناجێگیرە، هەر کەسێک بە هەر بیانوویەک سەردانی ژوورەکەی بکات و لە سەر سازمانی خەباتیش ئەرکە کە چەند کەس لە ئەندامانی خۆی بەردەوام لە نەخۆشخانە بهێڵێتەوە و چاوەدێڕی چڕی ناوبراو بکەن.
ڕۆژی دووشەممە (18ی ئایاری 2021) لە دوای کاتژمیر 12:00 "بێهزاد مەحمودی" 26 ساڵ، لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر دەبەیەک بەنزینی کرد بە خۆیدا و لە پەخشی ڕاستەوخۆی چەند کەناڵێکدا خۆی سوتاند و دوای نزیکەی 30 خولەک لە کەوتنی لەسەر زەوییەکە لەلایەن ئەمبوڵانسێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.