گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

نێچیرڤان بارزانى گلەیى لە حکومەتى عێراق دەکات

2021.05.19 - 16:55
App store icon Play store icon Play store icon
نێچیرڤان بارزانى گلەیى لە حکومەتى عێراق دەکات

ناس کورد-

سەرۆکى هەرێمى کوردستان گلەیى لە دەسەڵاتدارانى عێراق دەکات کە سەرەڕاى رێککەوتن هێشتا هیچ جۆرە شایستیەکى داراییان بۆ هەرێمى کوردستان نەناردووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان (19ى ئایارى 2021) لە وتەیەکدا لە کۆنفرانسى تایبەت بە دەستورى هەرێمى کوردستان گلەیى لە حکومەتى عێراقى دەکات و باس لەوە دەکات، گەر پرسیار لە هەموو هاوڵاتیانى کوردستان بکەین دەبینین هەمووان دڵنیانین لە داهاتووى خۆیان و ئەو پابەندییانەى هەیەتى بەرامبەر هەرێم جێبەجێى نەکردوون بە نموونەش یاساى بودجە.

 

وتیشى، سەبارەت بە کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا جەختی لەوە کردەوە، بەغدا زۆرێک لەو مافانەى هەرێمى کوردستان هەیەتى جێبەجێى نەکردووە، ئەگەر پرسیار لەهەموو خەڵکى کوردستان بکەین کە ئایا دڵنیان لە ئایندەى خۆیان بەدڵنیییەوە هەمووان دەڵێن نەخێر، ئێمە لەسەر بودجە ڕێکەوتین بەڵام جێبەجێ نەکراوە، تائێستا ئەو شتانەشى بە یاسا کراون بۆ هەرێمى کوردستان جێبەجێ نەکراون.

 

لەبەشێکى ترى وتەکانیدا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەبارەى نوسینەوەى دەستورى هەرێمى کوردستان وتى، دەستور ئامڕازە بۆ ئامانجێک، ئامانج لە نوسینەوەى دەستور چییە و دەمانەوێت چى بنوسینەوە؟ دەستور بۆ ئەوەیە سیستمى وڵات ڕێکبخەین و وڵات سەروەر بێت.

 

رونیشیکردەوە، دەستور بۆ ئەوەیە هەموو پێکهاتەکان هەست بە ئارامى و ئایندەیەکى باشتر بۆ خۆیان و نەوەکانیان بکەن، دەستور بۆ ئەوەیە مافى هاوڵاتى بوون بپارێزێت، ئێمە لە عێراق جیاوازین، بەم پێکهاتانەى لە کوردستان دەژین ئێمە پێیان ناڵێین کەمینە، کاتێک داعش دروستبوو و بەشێکى عێڕاقى داگیر کرد سەرۆکى ئەو کاتەى ئەمریکا قسەیەکى کرد و وتى، لە هەرێمى کوردستان پێکەوە ژیان هەیە، دەبێت ئێمە شانازى بەو پێکەوەژیانە بکەین.

 

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەشێکى ترى قسەکانیدا وتى، دەستور بۆ یەک حزب و بۆ یەک نەتەوە و یەک پێکهاتە نییە بۆ هەموو ئەو کوردستانیانەیە لە هەرێمى کوردستان دەژین، بۆیە دەبێت ڕەنگدانەوەى بیر و بۆچوونى هەموو پێکهاتەکان بێت، هەرسێ سەرۆکایەتییەکە دەستپێدەکەین بۆ ئەوەى هەنگاوى کردارى بنێین بۆ نوسینەوەى دەستوور و دەمانەوێت دەستورێک بێت بۆ هەرێمى کوردستان کە جێى دڵنیایى و ئومێدى هەموو پێکهاتەکان بێت.

 

نێچیرڤان بارزانى وتیشى، جیاوازى حزبى زۆرە بەڵام دەبێت لەسەر یەک پێناسە ڕێکبکەوین هەموومان کۆبکاتەوە، بۆ نمونە کاتێک شەڕى داعش دەستى پێکرد، پێشمەرگە ئەو شوناسە بوو هەمووانى کۆکردەوە و هەموو لایەک بەیەکەوە بەرگرییان لە کوردستان کرد و پێشمەرگە بووە ناسنامەى نیشتمانى، بۆیە پێویستە پێناسەیەک بۆ خۆمان دروست بکەین هەمووان لە دەورى کۆبکاتەوە کە لەوانەیە ئەوە دەستور بێت.