ناس کورد-
دوو ڕۆژنامەى ئیسرائلی ئاشکراى دەکەن، لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا سەرکردەیەکى دیارى حەماس دووجارى تر لە هەوڵى کوشتنى سوپاى ئیسرائیل ڕزگارى بووە و هەوڵەکانیش شکستیانهێناوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەردوو ڕۆژنامەى (تایمز ئۆف ئیسرائیل ) و ( جیرۆزەلیم پۆست)ى ئیسرائیلى بڵاویان کردەوە، محەمەد زەیفى سەرۆکى باڵى سەربازیی بزوتنەوەى حەماسیى فەڵەستینى لەسەرەتاى دەستپێکردنەوەى هێرشەکانى سەر غەزەوە لە 10ى ئایارى ئەم مانگەوە کراوەتە ئامانج و دووجار لە مردن ڕزگارى بووە.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، سوپا ڕێگەى بە بڵاوکردنەوەى ئەو زانیارییانە نەداوە تەنها دوێنێ شەو نەبێت و هێشتا وردەکارییەکانى چۆنیەتى بەئامانج گرتنى زەیف ئاشکرا نەکراوە.
لەکاتى دەستپێکردنەوەى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر کەرتى غەزە سوپاى ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان کوشتنى سەرکردە دیارەکانى بزوتنەوەى حەماسە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، پێش شکستهێنانى ئەو دوو هەوڵەش بۆ کوشتنى زەیف، سوپاى ئیسرائیل پێنج جارى تریش لە ساڵەکانى نێوان 2001ەوە تا 2014 هەوڵى کوشتنى ئەو سەرکردەیەى بزوتنەوەى حەماسی داوە.