گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پەنابەرەکەی ڕۆژهەڵات بۆچی خۆی سوتاند؟

2021.05.18 - 21:31
App store icon Play store icon Play store icon
پەنابەرەکەی ڕۆژهەڵات بۆچی خۆی سوتاند؟

 ناس کورد-

کاردانەوەکان لەسەر خۆسوتاندنی گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بارەگای بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر بەردەوامە کە زیاتر لە %90ی جەستەی سوتاوە و پزیشکەکان مانەوەی لە ژیان بە ئەستەم دەزانن، دایک و باوکیشی لە بۆکانەوە چاوەڕوانی باشبوونەوەی تەندروستی کوڕەکەیانن.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2021 لە دوای کاتژمیر 12:00 محەمەد "بێهزاد مەحمودی" 26 ساڵ، لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر دەبەیەک بەنزینی کرد بە خۆیدا و لە پەخشی ڕاستەوخۆی چەند کەناڵێکدا خۆی سوتاند و دوای نزیکەی 30 خولەک لە کەوتنی لەسەر زەوییەکە لەلایەن ئەمبوڵانسێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

 

ئەو کە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەڵام بەوەش پەیامەکەی نەگەیشت، چونکە کاردانەوەکان زیاتر چوونەسەر ئەو ڕاگەیاندنکارانەی ڕوواوەکەیان گواستەوە، نەک داواکاریی گەنجەکە.

 

محەمەد بۆچی خۆی سوتاند؟

 

بێهزاد مەحمودی، کە پەنابەرێکی ڕۆژهەڵاتە و خەڵکی بۆکانە، ماوەی چوار ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژی، بەهۆی ئەندامبوونی لە حزبی خەباتی کوردستانی ئێران، نە دەیتوانی بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵات نە لێرەش ناسنامەی پێدەدرا یاخود مافی پەنابەرێتی لە وڵاتی سێیەم.

 

ئەفسانە ڕەحیمی، بەرپرسی ئەندامانی خەبات لە هەولێر بە "ناس کورد"ی وت، "محەمەد چیرۆکی هەزارەها کەسی دیکەی ڕۆژهەڵاتییە لە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 10 هەزار کەس دەبن و هەیانە 26 ساڵە لێرە نیشتەجێیە و هێشتا پەناخوازە و نەبووەتە پەنابەریش، چونکە ئەوە جیاوازە و پەنابەر ئەوەیە کە چاوەڕوانە بنێردرێتە وڵاتێکی دیکە، بەڵام پەناخواز هێشتا مافی ئەوەشی نییە."

 

وتیشی، "پێشمەرگەمان هەیە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێن زیندانی بووە لە هەرێمی کوردستان، هێشتا لێرەیە و چاوەڕوانی ئەوەیە ناسنامەی بدەنێ."

 

"دۆخی بەشێکی زۆر لە ئێمە زۆر خراپە، وەک بێهزاد لە پێش خۆسوتاندنەکەی باسی دەکات کە تەنانەت شوێنی مانەوەی نییە، کاری نییە، هەموو کەس کارمان پێنادات، لە زۆرینەی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێبەشین، جگە لەوەی لەڕووی ئەمنییەوە مەترسی زۆر لەسەر ژیانمان هەیە بەهۆی نزیکیمان لە ئێرانەوە."، ئەفسانە ڕەحیمی وادەڵێت.

 

ئەو باسی لەوەشکرد، "من خۆم ماوەی دوو ساڵە لێرە دەژیم، کاتێک منداڵێکم گەیشتە تەمەنی قوتابخانە، لە قوتابخانە ناونوسیان نەدەکرد، دوای چەندین هەوڵ توانیم منداڵەکەم بخەمە قوتابخانە کە سەرەتاییترین مافی مرۆڤە، کەواتە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری چییە ئەگەر نەتوانێت لەو لایەنانەوە هاوکاری ئێمە بکات."

 

بێهزاد کە بەنیازبووە لێرە مافی پەنابەری پێبدەن و بمێنێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا بکات، بەڵام بەوتەی ئەفسانە ڕەحیمی، پزیشکەکان مانەوەی لە ژیان بە ئەستەم دەزانن و کاتێکیش هەواڵەکە بە دایک و باوکی وتراوە، هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی لە بۆکانەوە بچنە هەولێر، بەڵام بەزۆر ڕازی کراون کە ئەو کارە نەکەن، چونکە مەترسییان لەسەر دروست دەبێت.

 

چیرۆکی ڕۆژهەڵاتییەکی دیکە

 

پەنابەرێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەی 14 ساڵە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و دوو منداڵی لە هەرێمی کوردستان لە دایکبووە نیگەرانە لەوەی خاوەنی هیچ ناسنامە و مافێک نییە و باس لە داواکاری و ئازارەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان دەکات.

 

محەمەد حەسەن کە یەکێکە لە پەنابەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاری ڕۆژنامەنوسە و ماوەی 14 ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە بۆ "ناس کورد" دواو وتی، جێگەی نیگەرانییە زیاتر لە 10 هەزار پەنابەری ڕۆژهەڵات تاوەکو ئێستا خاوەنی هیچ ناسنامەیەک نین و چەندینجار داواکارییان گەیاندووەتە نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە بۆیان و تەنها بەڵێنییان پێدراوە و جێبەجێ نەکراوە.

 

ئەو باسی لەوەشکرد، "پەنابەر هەیە نزیکەی 40 ساڵە لە باشور دەژی هیچ ناسنامەیەکی نییە و خاوەنی هیچ شتێک نییە، من بۆ خۆم ماوەی 14 ساڵە باشوری کوردستانم و خاوەنی دوو منداڵم هیچ ناسنامەیەکمان نییە و داواشمان کردووە هاوکاری بکرێین بۆ ئەوەی ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم بکرێین، بەڵام هیچ جوابێکمان نادەنەوە".

 

ڕاشیگەیاند، داواکاری پەنابەرانی ڕۆژهەڵات خۆیدەبینێتەوە لە ڕەوانەکردنیان بۆ وڵاتانی سێیەم، پێدانی مافی پەنابەری یاخود ناسنامە، هاوکاری کردنی ئەوانەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە و جگە لەوەش ماوەی یەک دوو ساڵە نوێکردنەوەی کارتی نیشتەجیبوونەکانیشان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گرفتی بۆ دروست بووە).

 

 وەک محەمەد حەسەن وتی، "چەندین جار لە هەولێرو سلێمانی داواکارییەکانمان گەیاندووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی دیکە تەنها بەڵێنمان پێدراوە و هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەکراوە، جگە لەوەش خۆم ماوەی یەک ساڵ و نیوە کارتی نیشتەجێبوونەکەم بەسەر چووە و تازەیان نەکردووەتەوە و منداڵێکیشم تەمەنی یەک ساڵ و سی مانگە ئەویش تۆمار نەکراوە واتە هیچ تازەگەرییەک لە کارتی نیشتەجێبوونەکانیشمان نەکراوە".

 

محەمەد حەسەنی ڕۆژنامەنوس کەماوەی 14 ساڵە لەسەر پیشەکەی و خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوارەی باشوری  کوردستان بووە ئەوەشی وت، "لەدوای خۆسوتاندنی ئەو پەنابەرەی ئەمڕۆ چاوەڕوانی هەڵوێستی جدی دەکەین لە نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، چونکە ڕۆژ بەرۆژ دۆخی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات بەرەو خراپی دەچێت و ئەگەر چارەسەر دۆخەکە نەکرێت مەترسی زیاتر ڕوبەڕوومان دەبێتەوە لەوانەش هەندێک لە پەنابەران بەناچاری ڕێگەی قاچاغ دەگرنە بەر بۆ کۆچ کردن کە زۆربەی ئەوانەش بەوجۆرە کۆچییان کردووە خنکاون و ژیانیان لەدەستداوە.

 

جەختی لەوەشکردەوە، "کەمترین پەنابەری ڕۆژهەڵات ڕەوانەی وڵای سێیەم کراوە و هیچ پەنابەرێکیش ناسنامەی بۆ نەکراوە و چەندین جاریش پەیوەندیمان بە ڕێکخراوە جیهانییەکان کردووە و ئەوانیش ناتوانن هیچ چارەسەریکمان بۆ بکەن تاوەکو ناسنامەو پاسپۆتمان نەبێت."

 

جگە لەو کەسانەی کە وەک پەبانەبەری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێنە هەرێمی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە چەندین کەسی دیکە بۆ کاری مۆدێل و میدیاکاری و گۆرانی وتن، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لێرە کار دەکەن.

 

لەوبارەیەوە ئەفسانە ڕەحیمی باسی لەوەکرد، "کۆمەڵگە ئەوەی دەوێت، ئێستا کۆمەڵگە بەجۆرێکی لێهاتووە کە زیاتر گرنگی بە بازرگانی و لایەنی ئابوری دەدرێت و هەرکەسێک زیاتر سودی هەبێت کاری پێدەدرێت و دەکرێتە ئەستێرە و سودیان لێوەردەگیرێت، بۆیە تاوەکو ئەو کەسانە هەبن چ کارێکیان بە ئێمەیە."

 

ڕوونیشیکردەوە، "ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نییە و ئەم پرسە پرسێکی حزبی نییە و بەهیچ شێوەیەکیش ئاگادار نەبووین کە ئەوە ڕوویداوە."

 

ڕووداوەکە بە خێرایی بووە باسوخواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتیش ڕەخنەیەکی زۆر ئاڕاستەی ئەو کەناڵ و ڕاگەیەندنکارانە دەکرێت کە دیمەنی ڕووداوەکەیان گواستەوە و ڕێگرییان لێنەکرد. 

 

زیاتر بخوێنەرەوە: ئەو ڕاگەیاندنکارانەی دیمەنی خۆسوتاندنەکەیان گواستەوە تاوانبارن؟

 

 ڕەحیمی دەڵێت، "من وەک خۆم سکاڵا لەسەر سەرجەم ئەو کەناڵانە تۆمار دەکەم کە ئەو میدیاکارانە دەیانتوانی ژیانی محەمەد ڕزگار بکەن، بەڵام نەیان کرد و وێنەیان گرت."