ناس کورد-
وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان ئاگادار دەکاتەوە کە کۆکردنەوەى پارە بۆ کڕینى ئامێرى فێنککەرەوە کارێکی ڕێگە پێدراو نییە و پەروەردە خۆى دابینی دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (18ی ئایاری 2021) وتی، "وەزارەتی پەروەردە لە هەوڵی دابینکردنی ئامیری فینککەرەوەیە بۆ قوتابخانەکان و بۆ ئەو مەبەستەش دەرخستەی زۆربەی پەروەردەکان گەڕاوەتەوە وەزارەت بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی و ناکرێت قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ ئامێری فێنککەرەوە بن."
سەبارەت بەوەی دەوترێت لە هەندێک قوتابخانەکان هەوڵ هەیە لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پارەوە ئامێری فێننککەرەوە دابین بکرێت، سامان سیوەیلی ڕایگەیاند، "ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و لە هەر قوتابخانەیەکیش شتی لەو جۆرە کرابێت داوادەکەین ئاگادارمان بکەنەوە تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکەین".
باسی لەوەشکرد، ئەگەر خێرخوازێک لەسەر ئەرکی خۆی ئەو کارە بکات و بەویستی خۆی بێت ئەوە جیاوازە بەڵام نابێت لە قوتابخانەکان پارە بۆ ئەو مەبەستە کۆبکرێتەوە و ڕێگە پێدراو نییە.
بەهۆی پەتای کۆرۆنا ماوەی دوو ساڵە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان وەکو پێویست بەردەوامی نەبووە و ئەمساڵیش نەتوانرا لە وادەی خۆیدا پرۆسەی خوێندن بەڕێوەبچێت.